بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیل لەحود سەرۆک کۆماری پێشووتری لوبنان جەختیکردەوە کە سەرکەوتنی ستراتیژی لە شەڕی 33 ڕۆژەی ساڵی 2006، بانگەشەی ڕژێمی زایۆنیستیی پووچەڵکردووەتەوە کە باس لە نەبوونی شکستی سوپاکەی دەکات.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی الوطن ی سوریا وتی: لەو شەڕەدا هاوکێشەی ئاڵتوونیی سوپا – گەل – خۆڕاگری کاریگەریی خۆیی پیشاندا. ئێمە هەوڵماندا ئەم هاوکێشەیە بکەینە بڕوایەکی نەگۆڕ لە بەشی سەربازی و لە ئاستی وڵات. کاتێک بوومە سەرۆک کۆمار، ئەم ستراتیژەمان بەرز کردەوە تا ئەوەی کە سەرکەوتنە گەورەکەی ساڵی 2006 مسۆگەر کرا.
شەڕی 33 ڕۆژە کە لای لوبنانییەکان بە شەڕی تەمموز ناسراوە، پلانێکی هاوبەشی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕژێمی زایۆنیستی، میسر، ئەردەن، سعوودیە و ژمارەیەک لە حیزبەکانی لوبنان بوو کە لە دژی حزبوڵڵا جێبەجێ کرا.
ئەمیل لەحود وتی کە حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری کۆچکردوو و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئێستای سوریا ڕۆڵی گەورەیان لەم سەرکەوتنەدا هەبووە و لە چەندین ئاستدا پاڵپشتییان لە خۆڕاگری کرد، بە تایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی پیلانگێڕییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی.
سەرۆک کۆماری پێشووتری لوبنان بە ئاماژە بە پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەی خۆڕاگری کە هێشتا بەردەوامە، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بەو ئەنجامە گەیشتووە کە چیدی لە ڕێگەی سەربازییەوە توانای سەرکەوتنی نەماوە و بەم هۆیە پەنای هێناوەتە لەناوبردنی یەکڕیزی ناوخۆیی لە لوبنان و سوریا.
ناوبراو وتی کە سەرەڕای دۆخی ناسەقامگیری لوبنان، حزبوڵڵا زیاترین ئامادەیی لە ڕووی سەربازییەوە هەیە و چەک و پێداویستی سەربازی پێشکەوتووی هەیە و بووەتە هێزێکی گرنگ و بەم هۆیەوە بە دڵنیاییەوە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی سەرکەوتن بە دەست دێنێت./.