بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولحافز موعجب لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی العالم بە ئاماژە بەوەی کە سەردانی شاندەکەی عۆمان بۆ سەنعا بە دەیەمین سەردان لە سێ ساڵی ڕابردوو دادەنرێت، وتی: گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە بە گەشبینی لە ئەنجامی دانوستانەکان بڕوانین، ئەم شاندە لە سەردانی ڕابردوودا ڕەزامەندی سعوودییەکانی بە دەست نەهێنا بەڵام ئەمجارە تێڕوانینێکی نوێی خستووەتەڕوو.
ناوبراو وتی: لەو بڕوایەدام کە کات بە فیڕۆدان و بەڵێنی درۆ بە کۆتایی گەیشتووە، هەر جار کە لە گەڵ سعوودیە گەیشتینە لێک تێگەیشتن، نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە. سەبارەت بەمەش مەهدی مەشات سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن ڕایگەیاند کە هەر جار پاش لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتن لە گەڵ سعوودییەکان، نوێنەری ئەمریکا دێتە ناوچەکە تا ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان بکات.
عەبدولحافز ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتی واشنتن تووشی گۆڕانکاری نەبووە و هێشتا نایەوێت قەیرانی یەمەن چارەسەر بکرێت، بەڵکوو دەیەوێت کات بە فیڕۆ بدرێت. ئەمریکا دەزانێت کە جێگیربوونی ئاشتی لە بەرژەوەندی سەنعا دەبێت بەڵام لە ساڵی 2015 تا ئێستا هەوڵی داوە ئیرادەی خۆی بە سەر خەڵکی یەمەندا بسەپێنێت.
ئەو شرۆڤەکارە یەمەنییە جەختیکردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت بە بێ خستنەڕووی چارەسەر، ئاڵۆزییەکان نەمێنێت، لە ڕاستیدا نایەوێت کێشەکە چارەسەر بکرێت بەڵام یەمەن هەوڵی چارەسەرکردنی تەواو دەدات تا ئێش و ئازارەکانی خەڵک بە کۆتایی بگات.
ناوبراو وتی: پاشایەتی سعوودیە لە ئێستادا لە قۆناغی چارەسەرکردنی سەرجەم دۆسیەکاندایە و پێدەچێت زیاتر لە ڕابردووش بەرەو نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە هەنگاو بنێت، وەک چۆن کە محەممەد بن جابر باڵیۆزی سعوودیە لە سەردانەکەیدا بۆ سەنعا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێت ئەم دۆسیەیە بە تەواوی دابخات. درێژەپێدانی قەیرانی یەمەن، سعوودیەی ماندوو کردووە و دەیەوێت هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و گەشەی ئابوری بەکار بێنێت.
عەبدولحافز موعجب وتی: سعوودیە لە ئێستادا لە نێوان دوو بژاردەدا ماوەتەوە، ئەگەر داواکەی ئەمریکا ڕەتبکاتەوە و کۆتایی بە قەیرانی یەمەن بێنێت، لە گەڵ ئەمریکییەکان تووشی کێشە دەبێت، ئەگەر داواکەی ئەمریکاش قبووڵ بکات و هێزەکانی لە یەمەندا بمێننەوە، بەردەوام مەترسیی لە سەر دەبێت.
ئەو شرۆڤەکارە یەمەنییە بە ئاماژە بەوەی کە سعوودیە خوازیاری درێژەپێدانی شەڕ و دەسدرێژی نییە، وتی: سەرۆکی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بە ڕاشکاوانە هەڕەشەی لە سعوودیە کردووە کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا شەڕ ڕوو بداتەوە. لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕ زیان بە ئەمریکا ناگات و ئەمە سعوودیەیە کە تووشی زیان دەبێت، هەر بۆیە ڕیاز هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر دەدات.
ناوبراو وتی: ئەمریکا دەیەوێت کە بەردەوام کۆنتڕۆڵی دۆسیە ئەمنییەکانی ناوچەکەی بە دەستەوە بێت تا لەو ڕێگاشەوە سعوودیە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەگەر ڕیاز لە قەیرانی یەمەن بێتە دەرەوە، ڕەنگە لە دۆسیەکانی دیکە بە تایبەت لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران هەنگاوی زیاتر و گەورەتر هەڵبگرێت./.