سەردانەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سعوودیە و چاوپێکەوتنی لە گەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوە و محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە و هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی هەر دوو وڵات، گوزارشت لە ئیرادەی بەهێز و جیدی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو لا لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە دراوسێ و موسڵمانە دەکات.
کاتێک محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە جەدە وتی کە ڕیاز پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران بە ستراتیژی دەزانێت و بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە ئیرادەی بەهێزی هەیە و جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات کاریگەری سەرەکیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵی و چەند قۆڵییەکان دەبێت. ئەمەش بە واتای ڕاستییەک دەبێت کە ڕیازیش وەک تاران – بە پێچەوانەی بانگەشەی دوژمنانی هەر دوو وڵات و ناوچەکە – ڕێکەوتنەکەی نێوانیان بە تەکتیکی و ئەنجامی هەلومەرجی ئێستا نازانن.
بەدەر لەمەش ئەوەی کە زیاتر لە هەموو کات دوژمنانی هەر دوو وڵات و ناوچەکەی بێهیوا کردووە، ڕاگەیاندنی ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانی ئێران و سعوودیەیە لە ڕۆژانی داهاتوو و ئەمەش لە لایەن بەرپرسانی هەر دوو وڵاتەوە بە چەندین جار باس کراوە. ئێران لە بەرواری 6 ی حوزەیران و سعوودیە لە سەرەتای ئاب باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە ڕیاز و تاران کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەندین لایەنە ئەمەشیان بە نمایشی ناو بردووە و ڕایانگەیاندووە کە سوودێکی بۆ پەیوەندییەکانیان نابێت و جەختیان لەوەش دەکردەوە کە هیچ کات پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە ناگاتەوە ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانیان.
بە تێڕوانینێک لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕۆژانی ڕابردوو بە تایبەت لە پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و سعوودیە، دەگەینە هەوڵ و پیلانگێڕیی ناپاکانەی ئەوان بۆ خوڵقاندنی کێشە و بەربەست لە بەردەم ئەم پەیوەندییانە. هەندێک لایەن بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەمریکا سەرقاڵی بە ئاکام گەیشتنی سازشتی نێوان سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستییە. بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە ئەمە تەنیا بانگەشەیە و سعوودیە بەمە ڕازی نەبووە و لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا سەرجەم کارتەکان بە دەستی ئەمریکاوە نییە. نزیکبوونەوەی سعوودیە لە چین و نەبوونی پاڵپشتی تەواو بۆ شەڕی ئۆکراینا بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەر ئەم ڕاستییە. بەدەر لەمەش سعوودیە بە دژایەتیکردنی پێشنیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت لە ئۆپێک پڵەس و پاڵپشتی لە هەڵوێستەکانی ڕووسیا، پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا هەنگاوی ناوە و باڵیۆزخانەکەیی لە تاران کردووەتەوە و ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانیشی بۆ سەردانیکردنی ئەو وڵاتە بانگهێشت کردووە، لە بەرامبەردا ئێرانیش بە فەرمی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیەی بانگهێشت کردووە کە سەردانی تاران بکات.
گومان لەوەدا نییە کە ئێران و سعوودیە ئیرادەی سیاسی تەواویان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی خۆیان و تێپەڕاندنی سەرجەم کێشەکانی ڕابردوو هەیە، ئەو کێشانەی کە زیاتر دەستکردی ئەمریکا و پیلانەکانی ئەو وڵاتە بوون. بە پێی گرنگی و پێگەی سیاسی، ئابوری و جوگرافیی هەر دوو وڵات، بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان کاریگەری ئەرێنیی لە سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت.
سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی پێشوازی لە پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە دەکەن و لەو بڕوایەدان کە ئەم دوو وڵاتە گرنگ و خاوەن پێگەیە دەتوانن بەشێک لە کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن./.