بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی لە کۆبوونەوەی باڵای فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی وەک ڕێنما و نموویەک بۆ هەمووان، وتی: شەهید سولەیمانی کەسێک نەبوو، بەڵکوو مەکتەب و ڕێگایەکی درەوشاوە بوو کە دوژمنان نەیاندەتوانی قبووڵی بکەن. شەهید سولەیمانی نموونەیەکی بەرچاوی ئاکاری مرۆیی لە دەرەوەی سنورەکان بوو کە کردەوە مەعنەوییەکانی بەردەوام لە بەرەی خۆڕاگری دەردەکەوت.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: شەهید سولەیمانی کەسی یەکەمی دژە تیرۆریزمی ناوچەکە و جیهان بوو کە لە لایەن تیرۆریستترین حکومەت و سەرۆک کۆماری جیهانەوە تیرۆر کرا. شەهید سولەیمانی کەلتورێکی ڕەسەن بوو کە دوژمنان نەیاندەتوانی قبووڵی بکەن، دوژمن شەهید سولەیمانیی تیرۆر کرد بەڵام نەیدەزانی کە شەهید سولەیمانی بۆ ئەوان مەترسیدارتر لە فەرماندە سولەیمانییە.
لیوا قائانی وتی: ئەمڕۆ بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە بەهێزترە و ئەو ڕژێمە داگیرکارە بەرەو لاوازبوون و لەناوچوون دەڕوات.
ناوبراو بە ئاماژە بە تێچووی سەربازیی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە وتی: ئەمریکا لە عێراق تێچووی 7 ترلیۆن دۆلاریی هەبووە بەڵام بەدەر لە شکست و سەرشۆڕی دەسکەوتێکی نەبووە، ئیسرائیلی داگیرکاریش ئەمڕۆ لە ناوخۆ و دەرەوە لە هەلومەرجێکی دژواردایە./.