بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی الشرق الاوسط لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی دەیانەوێت پلانەکەیان لە دژی ڕووسیا و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سوریا جێبەجێ بکەن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە میدیاکانی عێراق وێنەی کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکایان بڵاو کردووەتەوە کە لە شارە جیاجیاکاندا لە جموجوڵدان و هێماکانی گوزارشت لەوە دەکەن کە گرووپە سەربازییە شێعەکان ئاگادار کراونەتەوە و داوایان لێکراوە کە لە هەر شەڕ و پێکدادانێک خۆیان بە دوور بگرن.
یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بوونی هەر جموجوڵێکی سەربازیی ئەمریکییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
بەڵام بەرپرسێکی حکومی لە عێراق بە ڕۆژنامەی الشرق الاوسط ی ڕاگەیاندووە کە ئەم جموجوڵە تایبەتە بە بنکە سەربازییەکانی دەرەوەی سنورەکانی عێراق. ئەو وێنانەش کە بڵاوبووەتەوە تایبەتە بە ساڵانی ڕابردوو یان تایبەتە بەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی کە لە عێراقدا بوونیان نییە.
لە بەرامبەر سێ کەسایەتی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکییەکان سەرقاڵی داڕشتنەوەی پلانی سەربازی خۆیانن لە ناوچەکە و ئەمەش سەرەتای پرۆسەیەکی سەربازییە کە لە ناوخۆی عێراق نابێت. یەکێک لەو سەرچاوانە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەگەری ئەوە دەخەنەڕوو کە ئامانجی ستراتیژیی ئەم جموجوڵەی ئەمریکییەکان گۆڕینی هاوکێشەکانی سوریایە لە دژی ڕووسیا.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەوەی ئێستا باس دەکرێت لە سەر بنەمای زانیاری ناتەواوە لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان زۆربەی کردەوە سەربازییەکانیان بە ئاگاداری بەغدا نییە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی دووەمی ئەمریکا ئەوەیە کە ڕێگەی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئێران بۆ سوریا و لوبنان لە عێراقەوە لە ناو ببەن. تا ئێستا ئەمە هەمووی ئەو زانیارییانەیە کە لە سەر جموجوڵەکانی ئەمریکا بڵاو بووەتەوە.
الشرق الاوسط لە کۆتاییدا ئاماژەی بە بێدەنگیی هێزەکانی خۆڕاگریی عێراق لە بەرامبەر جموجوڵەکانی ئەمریکا داوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو گرووپانەی کە ساڵانێکە دژ بە ئەمریکا وەستاونەتەوە، ئەمجارە بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئەوەی ئەمریکییەکان دەیکەن، جێی نیگەرانی نییە./.