بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی باڵای فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکانی شەهیدی فەرماندە حاجی قاسم سولەیمانی، ڕایگەیاند: هێزی چەکدار و پێشکەوتوو لە جیهاندا زۆرن بەڵام ئەوەی سوپای لە نێو هێزە چەکدارەکاندا کردووەتە هێزێکی جیاواز، پیرۆزی سوپایە و بەدەر لە پێگەی پیرۆزی سوپای پاسداران بۆ پاراستن و بەرگری لە شۆڕشی ئیسلامی و دەسکەوتەکانی، کرداری پیرۆزی هەیە و شەهیدانی ئێمە نموونەی ڕوونی ئەم کردارە پیرۆزەن.
ناوبراو وتی کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تا بە ئەمڕۆ ئەرک و ڕاسپاردەی زۆر گرنگی لە سەر شان بووە کە گرنگترینی ئەوانەش پاراستن و بەرگرییە لە شۆڕشی ئیسلامی.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سامانی مەعنەوی و کۆمەڵایەتیی بە گرنگترین هۆکارەکانی درەوشاوەبوونی سوپای پاسداران لە نێو هێزە چەکدارەکانی جیهان ناو برد و وتی: ئەمڕۆ هەمووان سوپای پاسداران بە پەنا و پشتیوانی خۆیان دەزانن و بوونی سوپا بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئێران و ناوچەکە بووەتە دڵنیاییەکی تەواو بۆ خەڵک.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئامادەبوونی سوپای پاسداران لە سەرجەم بوارەکاندا ئاسایش و سەقامگیری و هیوای بەدیهێناوە و ئەگەر خەبات و تێکۆشانی هێزەکانی سوپای پاسداران نەدەبوو، داعش تەواوی ئەورووپای داگیر دەکرد.
ناوبراو وتی: ژیانی ئارامی ئەمڕۆی ئەورووپا قەرزداری تێکۆشانی سوپای پاسدارانە بەڵام بەداخەوە ئەوان قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمیان تیرۆر کرد و ئەو سوپایەی کە لە بەرەی سەرەکی و یەکەمی شەڕی دژ بە تیرۆردایە، بە تیرۆریست ناو دەبەن و ئەمەش پرسیارێکە کە دەبێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی بدەنەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: دوژمنان وا دەزانن کە بە ئاژاوەگێڕییەکان دەتوانن زیان بە شۆڕشی ئیسلامی بگەێنن بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هێندە بەهێزە کە بەردەوام و لە سەرجەم پیلانگێڕییەکانی ئەواندا شکستی بە سەریاندا سەپاندووە و بەردەوام پەیامی هەڵەبوونی هەڵسووکەوت و هەڵوێستەکانی خۆیان لە ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ڕابردوودا بۆ ئێمە دەنێرن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سوپا بە درووشمی ” ئێمە دەتوانین ” هاتووەتە گۆڕەپانەکەوە و ئەم درووشمە لە سەرجەم بوارەکاندا مسۆگەر بووە و بوونی ئەم هێزە بەتوانایە لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئێرانی ئیسلامی، دوژمنانی بێهیوا کردووە./.