بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڤاری ئەمریکیی ژاکۆبین ڕایگەیاندووە کە سیاسەتە ئابوری و داراییەکانی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا قەیرانێکی مرۆیی لە گەڵ بووە، لە کاتێکدا کە بایدن باس لە باشتربوونی پێوەرە ئابورییەکان دەکات.
گۆڤارەکە بە ئاماژە بەوەی کە ئەم کارەساتە بەرهەمی حکومڕانیی دیمۆکراتەکانە، ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ڕوبەڕوی قەیرانێکی بەردەوام بووەتەوە کە دیمۆکراتەکان ڕۆڵیان لە بەدیهاتنیدا هەبووە بەڵام ئەمە ڕەتدەکەنەوە.
ژاکۆبین ڕایگەیاندووە کە دیمۆکراتەکان بە نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 باس لە باشتربوونی دۆخی ئابوری دەکەن و بانگەشەی سەرکەوتنی سیاسەتە ئابورییەکانی بایدن دەکەن و بە توندی ڕەخنە لە نەیارانیشی دەگرن.
گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە کە گەشەی ئابوری ڕاستییەکان بە درۆ دەخاتەوە و دۆخی ئابوریی ملیۆنان ئەمریکی نالەبارە.
ژاکۆبین ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی بەیاننامەکانی کۆشکی سپی و لێدوانەکانی وەزیری گەنجینە باس لە باشتربوونی دۆخی ئابوری ئەمریکا دەکەن بەڵام ئامارەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو پیشان دەدات کە ناسەقامگیری خۆراکی لە ئەمریکا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەو کاتەوە بایدن دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە و کێشە داراییەکانی ساڵی 2023 زیاترە لە سێ ساڵی ڕابردوو.
ڕاپرسییەکی ئەم دواییەش پیشان دەدات کە لە سەدا 34 ی ئەمریکییەکان سەرکردایەتی ئابوریی بایدن پەسەند دەکەن بەڵام ڕێژەی خۆشەویستی بایدن گەیشتووەتە لە سەدا 41 و ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا لە سەدا 20 وا بیر دەکەنەوە کە دۆخی ئابوری لە باشیدایە.
ڕاپرسییەکە ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 70 ی ئەوانەی پرسیاریان لێکراوە، لەو بڕوایەدا بوون کە دۆخی ئابوری لە ئێستادا خەراپترە لە ساڵی 2020، واتە ئەو کاتەی قەیرانی کۆرۆنا ڕووی لە ئەمریکا کرد.
وەزارەتی کاری ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە دەرفەت و هەلی کار بۆ 9 ملیۆن و 582 هەلی کار لە مانگی حوزەیران دابەزیوە کە نزمترین ئاستە لە مانگی نیسانی ساڵی 2021 تا ئێستا.
ژمارەی ئەو ئەمریکییانەش کە داواکاری بیمەی بێکارییان پێشکەش کردووە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەمەش پیشاندەری دابەزینی گەشەی بازاڕی ئەو وڵاتەیە./.