بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا ڕۆژی پێنج شەممە 17 ی ئابی 2023 لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا دوایین دۆخی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا وێڕای ئیدانەکردنی کردەوەی تیرۆریستیی شیراز، هاوخەمی خۆیی بۆ گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەروەها هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی بە تایبەت لە بواری وزە، بازرگانی و ترانزێت بە گرنگ ناو برد و جەختی لە سەر ئامادەیی مۆسکۆ بۆ پەرەپێدانی ئەم هاوکارییانە بۆ ئاست و چوارچێوەی ناوچەیی کردەوە.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو وتووێژەدا وێڕای دەستخۆشی لە پەیامی هاوخەمییەکەی ڤلادیمیر پوتین، وتی کە ئەم کردەوە تاوانبارانە پیشاندەری لاوازبوون و شکستی دوژمنان و ناحەزانی گەلی ئێرانە.
ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر جێبەجێکردنی پرۆژەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری وزە و ترانزێت کردەوە./.