بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوپەیوەند بە سەردانەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سعوودیە، حەسان عۆلیان توێژەر و لێکۆڵەری سیاسیی عەرەب پێی وایە کە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سعوودیە لەم قۆناغە تایبەتەی ئێستا بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆی بەردەم هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات، پێویست بووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دیپلۆماسی ناوچەیی چین، ڕایگەیاند کە ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە جیاوازە، لە بەر ئەوەی کە پشت بە دیپلۆماسی ئابوری دەبەستێت.
حەسان عۆلیان بە ئاماژە بە گەشەی ئابوریی چین و دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی پەکین لە گەڵ هەر دوو وڵاتی ئێران و سعوودیە، وتی کە ئەم پەیوەندی و دۆستایەتییە بووەتە نیگەرانییەکی جیدی بۆ ئەمریکا.
بە وتەی عۆلیان، بە پێی گرنگی و پێگەی ئێران و سعوودیە لە ناوچەکە کە ئەمریکا هەوڵی زاڵبوونی سیاسی و سەربازیی تێدا دەدات و هەروەها هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە ڕێگەی شەڕی تائیفییەوە دەدات، چین بە ئامانجی گەشەی ئابوری و پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان هاتووەتە ناوچەکە.
ئەو شارەزا عەرەبە ڕایگەیاند کە ستراتیژێکی نوێ هەیە و جێنشینی سعوودیە کاری لە سەر دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی سەرکەوتنی ئەم ستراتیژە دەبێت کە بەرژەوەندییەکانی چینیش دابین دەکات و ئاستی دەستڕۆیشتوویی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دادەبەزێنێت.
بە وتەی ناوبراو، ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە تەواوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لە سەر پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات نابێت.
هاوکات عیسا ئەیوبی نووسەر و توێژەری سیاسی ڕایگەیاند کە سیاسەتی سعوودیە لە بەرامبەر ئێران و وڵاتانی دیکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە و پێشتر هەوڵی شەڕ و ئاژاوەگێڕیی داوە و ئێستا هەوڵ بۆ بەدیهاتنی ئاشتی دەدات.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە دەوترێت ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە، کاتی و تەکتیکییە، وتی: سعوودیە و ئێران دەیانەوێت بچینە جیهانێکی نوێوە کە تێیدا لۆژیکی ئاشتی بە سەر شەڕدا زاڵ بێت.
ئەیوبی وتی کە سعوودیە هیچ بەرژەوەندییەکی لە زیندووهێشتنەوەی ناکۆکییە سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و پێدەچێت ڕیاز زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران پەلەی بێت./.