بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” وەحید جەلال زادە “ سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ کەناڵی ” العالم ” وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە دایەوە.
ناوبراو سەبارەت بە گرنگی دانوستان لە گەڵ بەرپرسانی سوریا و لوبنان وتی: بە پێی سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش، لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان لەم ماوەیەدا سەردانی هەر دوو وڵاتی سوریا و لوبنانی کرد کە لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی سوریا و هاوتاکانی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، وەزیری دەرەوە، سەرۆک وەزیران و گرووپە فەڵەستینییەکان لە دیمەشق وتووێژ کرا. ڕێکەوتنەکانی تایبەت بە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ سوریا بەدواداچوونی بۆ کرا. هەروەها بەدواداچوون بۆ بەربەستەکانی بەردەم ئەو ڕێکەوتنانە کرا. سزاکانی ئەمریکا کێشەی بۆ خەڵکی سوریا خوڵقاندووە. پرسی کارەبا و سووتەمەنی بۆ سوریا زۆر گرنگە. سزاکانی سوریا بە هۆی ئەوەوە داڕێژراوە تا ئەو ئامانجانەی ئەمریکا لە ڕێگەی شەڕی تیرۆریستانەوە شکستیان هێنا، لە شەڕی ئابورییەوە بۆ واشنتن مسۆگەر بکرێت.
سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژە بە پەیوەندی ستراتیژی نێوان تاران و دیمەشق، وتی: لە ڕوانگەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ئەم پەیوەندییانە گرنگییەکی زۆریان هەیە. هەلومەرجی سوریا تایبەتە و چەند بەشێکی ئەم وڵاتە لە ژێر داگیرکاریی بێگانەکاندایە، تورکیا بەشێکی داگیر کردووە، ئەمریکا بە هەمان شێوە، ئەو ناوچانەی سەروەت و سامانی سوریای تێدایە لای ئەمریکا و تورکیایە. کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ئەم داگیرکارییە هەڵوێستی هەبووە. سەرەڕای ئەم هەموو کێشە و بەربەستە، سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ سوریا بەرەوپێش دەبرێت.
جەلال زادە سەبارەت بە لوبنان وتی: نزیکەی دە مانگە کە لوبنان لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە لە لایەن پەرلەمانەوە، قەیرانی ئابوری لە لوبنان پەرەی سەندووە، نرخی سووتەمەنی و وزە زۆر بەرز بووەتەوە، لە سەردانەکەمان بۆ لوبنان تاوتوێی دوایین دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەمان کرد. هەندێک ڕاوێژی ناوخۆیی لوبنانییەکان هەبووە کە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات بەشێک لە کێشەکانی ئەو وڵاتە بەرەو چارەسەربوون دەڕوات. بەشێکی هەرە گەورەی کێشەکانی لوبنان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی دەگەڕێتەوە. پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە کاریگەری ئەرێنیی لە سەر هەلومەرجی سیاسی لوبنان هەبووە. لە چاوپێکەوتنمان لە گەڵ سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، لێکدانەوە و شرۆڤەی ئەوان لە سەر دۆخی ناوچەکە زۆر گرنگ بوو. بەڕێزیان سەبارەت بە وتە گرنگەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی 25 ساڵی داهاتوو نابینێت، وتی کە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل پلانمان هەیە و زایۆنیستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانەی ئێمە پەلەیان هەیە.
وەحید جەلال زادە سەبارەت بە کاریگەری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و سعوودیە لە سەر ناوچەکە بە تایبەت لە سەر ڕەوشی ناوخۆیی لوبنان، وتی: هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی لە ڕیزی سیاسەتە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە بووە. ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گەورە و کاریگەری ناوچەکە و جیهانی ئیسلامین، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و موسڵمانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە و بێگومان کاریگەری ئەرێنی لە سەر ڕەوشی ناوچەکە لە ئێستا و داهاتوودا دادەنێت.
سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز، وتی: ئێمە پێش پچڕانی پەیوەندییەکان، هاوکارییەکی زۆرمان لە بوارە جیاجیاکان لە گەڵ سعوودیە هەبوو، ڕووداوەکانی چەند ساڵی ناوچەکە و جیهان وایکرد کە هەر دوو وڵات بەو ئەنجامە بگەن کە دەبێت پەیوەندییەکان زیندوو بکرێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس وتی: هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستا ئەمریکییەکان بەم جموجوڵانەوە وا پیشان دەدەن کە دەتوانن هەڕەشە بن لە سەر ئێران، ئەمریکا بیانووی پاراستنی وڵاتانی ناوچەکەی بۆ بوونی نایاسایی خۆی دەهێنایەوە، بە دەیان پیلانگێڕیی وەک شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی گەلی ئێران، ئەمریکییەکان هەوڵی لاوازکردن و تەنانەت ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان داوە کە هەمووی شکستی هێناوە.
جەلال زادە وتی: پاش تیرۆریزمی حکومیی ئەمریکا و شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لە سەر دەرکردنی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە کردەوە، یەکێک لەو شوێنانە ئەفغانستان بوو کە ئەمریکییەکان بەوپەڕی سەرشۆڕییەوە ئەو وڵاتەیان بە جێهێشت. لە ناوچەی کەنداوی فارسیش بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا کشانەوە. ئەمریکا ڕوبەڕوی ڕەخنەی هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە بوویەوە کە بە هۆی سیاسەتی ئێرانەوە لە ناوچەکە کشاوەتەوە. وڵاتانی ناوچەکە لە ئێستادا بەو ڕاستییە گەیشتوون کە بوونی ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیە، هەروەها نزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە چین، ئەمریکییەکانی نیگەران کردووە.
سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە گەروی هۆرمۆز، وتی: هێزی بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە بۆ ئەمریکییەکان ڕوون بووەتەوە، ئێمە بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە قبووڵ ناکەین و هیچ کات ئەمریکییەکان لە ناوچەکە نابنە هەڕەشە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
وەحید جەلال زادە لە کۆتاییدا سەبارەت بە دۆسیەی ئازادکردنی سیخوڕە ئەمریکییەکان وتی: ساڵی 2021 بۆ گەڕانەوەی ئەمریکییەکان بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دانوستان کرا کە نوێنەری ئەمریکا مێزی دانوستانەکانی بە جێهێشت و ئەوەش زیانی بە وتووێژەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی گەیاند. ساڵی ڕابردووش بە هۆی دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پیلانی ئاژاوەگێڕییە ناوخۆییەکانی ئێران هەندێک گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان کرا.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان بە نایاسایی پارەی نەوتی فرۆشراوی ئێرانیان لە چەندین وڵاتدا ڕاگرت، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان لە کۆریای باشور پرۆژەیاسایەکی ناردە پەرلەمان. لەو چوارچێوەیەدا لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرچاوە داراییەکان، چەند سیخوڕێکی ئەمریکی ئازاد دەکرێن. بەڵام سەبارەت بەوەی کە ئایا دانوستانەکان لە بوارەکانی دیکە بەردەوام دەبێت یان نە؟ کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ ئاستێکدا لە گەڵ ئەمریکا دانوستانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکیی نییە و متمانەمان بەو وڵاتە نییە و بە پێی ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دانوستانەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئازادکردنی سەرچاوە داراییەکان و ئاڵوگۆڕی گیراوان بووە./.