بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپی تیرۆریستی داعش یان بە واتایەکی باشتر، پاشماوەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بە پێی پلان و نەخشەی ئەمریکییەکان، پەنا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە سوریا دەبەن، لە نوێترین کردەوەی تیرۆریستیدا پاسێکی هەڵگری هێزەکانی سوپای ئەم وڵاتە لە بیابانەکانی مەیادین لە ڕۆژهەڵاتی دەیرزۆر کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە 23 کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
لە قۆناغی پاش لاوازبوون و لەناوچوونی داعش، ستراتیژی گورگەکانی تەنیا بۆ مانەوەی تیرۆریستان لە ناوچەکە و داعش بەکار هێنراوە. لە ئێستادا ئەمریکا بە پاڵپشتی لە پاشماوەکانی داعش دەیەوێت لە ڕوبەرێکی بەربڵاوی جوگرافی هێزەکانی سوپای سوریا بکاتە ئامانج تا هێز و کاریگەری ئەوان کەم بکاتەوە.
داعش هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند کە پێکهێنانی خەلافەتی وەک ستراتیژی سەرەکی خۆی دیاری کردووە و ئەمەش بە بێ بوونی ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکراو مسۆگەر ناکرێت، وەک چۆن کە ساڵی 2014 لە عێراق و سوریا ئەمە بینرا. ئێستا داعش بە لەناوچوونی، هیچ ناوچەیەکی بە دەستەوە نەماوە و تەنیا لە ڕێگای پاشماوەکانەوە هەوڵی سەلماندنی بوونی خۆی دەدات بەڵام ئەمریکییەکان پیلانێکی دیکەیان بۆ سوریا لە ڕێگای داعشەوە هەیە.
ئەمریکا لە ڕێگای داعشەوە دەیەوێت ئاڵۆزی بۆ سوریا و داگیرکردنی بەشێکی دیکەی خاکی ئەم وڵاتە بگەڕێنێتەوە، چالاکییەکانی داعش لە عێراقیش ڕەنگە بۆ هەمان سیناریۆی ئەمریکییەکان بگەڕێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمریکا بۆ هەر دوو وڵاتی سوریا و عێراق و لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی، داعش وەک کارتێکی گوشار بەکار دێنێت.
لەم پیلانەی ئەمریکا بە تایبەت لە سوریا دەتوانین ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بە هاوبەش ناو ببەین. چالاکییەکانی داعش لە سوریا لە کاتێکدایە کە سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن سوپای ئەمریکا ئەندامان و سەرکردەکانی داعش لە گرتووخانەکانەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی خۆی دەگوازێتەوە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە لەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا لە سوریا مەشق و ڕاهێنان بە تیرۆریستانی داعش دەکرێت و پاشان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی پڕچەک دەکرێن.
یەکێک لە ئامانجەکانیش ئەوەیە کە ئەمریکا بیانووی هەبوونی داعش و ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوخۆیی سوریا بۆ مانەوەی هێزەکانی و بەردەوامیدان بە داگیرکردنی ئەم وڵاتە بەکار بێنێت. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیدایە کە دەبینین کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا ڕووی لە زیادبوون کردووە./.