بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی سەبارەت بە پرۆژەیەکی فەرەنسا بۆ نێوەندگێڕی لە نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و لوبنان، وتی: بەم دواییانە میدیا عبری و عەرەبییەکان هەواڵێکیان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لوبنان و ڕژێمی تەل ئەبیب بڵاو کردووەتەوە کە ئەڵبەت لە ڕابردووشدا هەواڵی لەو شێوەیە هەبووە. بەڵام بە بۆچوونی من ئەمە بانگەشە و پڕوپاگەندەیە بۆ دەربازبوونی ڕژێمی زایۆنیستی لەم قەیرانە ناوخۆییەی ئێستا و وایکردووە کە حکومەتەکەی نتانیاهۆ کە ئاڵۆزییەکی زۆری ناوخۆیی بەرۆکی گرتووە، پەنا بۆ پڕوپاگەندەی میدیایی ببات و ڕای گشتی لە ڕووداوە ناوخۆییەکانی ئەو ڕژێمە بە لاڕێدا ببات. لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوو حکومەتە توندڕەوەکەی نتانیاهۆ لە بواری سیاسەتی دەرەوە پەنای بۆ هەندێک کردەوە بردووە تا وا لە دیمۆکراتەکان لە حکومەتی ئەمریکا بکات هاوشێوەی ترەمپ و کۆماریخوازەکان لە گەڵ ئەودا هەڵسووکەوت بکەن کە ئەڵبەت لەمەدا شکستی هێناوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: نتانیاهۆ پاشان ڕووی هێنایە ئەورووپییەکان تا بتوانێت ئەوان وەک نێوەندگێڕ لە نێوان خۆی و ئەمریکا بەکار بێنێت کە ئەمەش ڕووی نەدا و وڵاتانی ئەورووپی داواکەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییان ڕەتکردەوە. لەم بوارەدا دەبێت بزانین کە ناکۆکییەکان لە ئێستادا تەکتیکییە نە ناکۆکییەکی ستراتیژی، ئەڵبەت هەندێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆچوونیان وایە کە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تەل ئەبیب ستراتیژییە کە بە بۆچوونی من ئەمە شرۆڤەیەکی هەڵەیە و پێم وایە کە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی وەک ڕابردوو لە ئاستێکی باڵادا بەردەوام دەبێت بەڵام حکومەتەکەی جۆبایدن نایەوێت وەک ترەمپ مامەڵە بکات و خۆی ڕوبەڕوی شەپۆلی ڕەخنەکان بکاتەوە. هەر بۆیە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوو نتانیاهۆ لەوەدا شکستی هێنا کە قەیرانە ناوخۆییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بباتە دەرەوە و لەم بوارەدا لەوپەڕی لاوازیدا بینراوە.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: دۆخەکە بە شێوازێکە کە نتانیاهۆ و بەرەی توندڕەوی تەل ئەبیب هەوڵ دەدەن کە بتوانن بە مانۆڕی میدیایی ڕێکخراو دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەرەو گۆڕانکاری ببەن و لە ئێستادا ڕوویان هێناوەتە شەڕی دەروونیی بەربڵاو. بەم هۆیەوە پێم وایە کە سەرجەم ئەو هەواڵانەی کە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و لوبنان بڵاو بووەتەوە، ئامانجی سیاسیی لە پشتەوەیە و لە ئاکامدا دەبێت وەک شەڕێکی میدیایی سەیری بکەین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە هۆی بوونی حزبوڵڵاوە لە لوبنان بابەتی وەها سەر ناگرێت و کۆمەڵانی خەڵکی لوبنانیش دژایەتی زایۆنیستەکان دەکەن.
سەدرحوسێنی وتی: خاڵێکی دیکە مانۆڕە سیاسییەکەی فەرەنسایە لە دۆسیەی ڕژێمی زایۆنیستی و لوبنان. ئەوەمان لە بیر ماوە کە لە پاش تەقینەوەی بەندەری بەیروت، ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا چەندین جار سەردانی لوبنانی کرد تا بتوانێت دۆخی ئەم وڵاتە ڕێکبخاتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و ئەمەش پیشان دەدات کە پێگەی پاریس لە ناوچەکە بە تەواوی لاواز بووە، تەنانەت ئەو وادەیەی کە فەرەنسا بۆ پێکهێنانی حکومەتی لوبنانیش دیاریی کرد، نەگەیشتە ئەنجام. ڕاستە کە لە ناوخۆی لوبنان لایەنگری فەرەنسا هەیە بەڵام دەبێت بوترێت کە پێگەی ئەو وڵاتە وەها نییە کە باس دەکرێت و بەراورد بە ڕابردوو لاوازبوونی زۆری پێوە دەبینرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: بەم هۆیەوە دەتوانم بڵێم کە فەرەنسا ناتوانێت بەو شێوەیە کە لە میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا باس دەکرێت، لە دۆسیەی بێتە ناو دۆسیەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و لوبنان و تەنانەت ڕۆڵی لۆدریان وەزیری دەرەوەی پێشووتری فەرەنسا بۆ نێوەندگێڕی ناتوانێت ئەنجامێکی هەبێت، ئەگەر وەزیری دەرەوەش بێتە ناو دۆسیەکەوە بە هەمان شێوە ناتوانێت سەرکەوتنێکی هەبێت. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم مانۆڕە میدیاییە هەوڵێکی دووبارەکراوی ڕژێمی زایۆنیستییە و بێ ئەنجام دەبێت./.