بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میرقاسم موئمنی شارەزا لە کاروباری ڕووسیا، سەبارەت بە کۆبوونەوەی جەدە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئۆکراینا کە لە ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە (5 و 6 ی ئاب) لە وڵاتی سعوودیە بەڕێوەچوو، وتی: سعوودیە لە ڕێگای کۆبوونەوەی جەدەوە هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسی خۆی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەدات. سعوودییەکان دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی نێودەوڵەتی لە خۆیان پیشان بدەن و یەکێک لە ئامانجەکانیش ئەوەیە کە وەک دەسکەوتێک بۆ جێنشینی ئەم وڵاتە، محەممەد بن سەلمان، دابنرێت. بن سەلمان بە پرۆژە زەبەلاح و بەرزەفڕانەکەی، دەیەوێت بە هەر شێوازێک پاڵ بە کورسی پاشایەتی سعوودیەوە بدات.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی دۆسیەی ئۆکراینا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی جەدە بووە، بەڵام باس لەوەش کراوە کە چەندین تەوەری لاوەکی وەک ئاسایشی خۆراک و وزە، ئازادکردنی دیلەکان، ئاسایشی ژینگە و ئەگەری پێکهێنانی دادگای تاوانی جەنگی، تاوتوێ کراوە. گرنگ ئەوەیە کە سعوودیە هەوڵی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات و بەم هۆیەوە دەتوانم بڵێم کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی بۆ ئۆکراینا نەبووە. ئەم کۆبوونەوە تەنیا لە بەرژەوەندی سعوودیە و محەممەد بن سەلمان بووە. ڕووسیا بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی جەدەدا نەکرد و ئۆکرایناش لە ئاستێکی نزمدا بەشداری کرد و بەم بۆنەوە تەنیا لە بەرژەوەندی ڕیازدا بووە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: دۆسیەی ئۆکراینا تایبەتمەندی خۆیی هەیە و بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت و بەم هۆیەوە کۆبوونەوەکەی جەدە، سیاسی بووە. ئەمریکاش هێندە هیوای بە کۆبوونەوەکە و ئەنجامەکەی نەبووە و تەنیا لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئیمتیازێکی سیاسی بە سعوودیە بدات و لەم هەلومەرجەدا گرنگی بە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بدات و بە جۆرێک سرنجی وڵاتانی جیهان بخاتە سەر ئەم ناوچەیە.
میرقاسم موئمنی لە کۆتاییدا وتی: لە لایەکی دیکەوە، بوونی نوێنەرانی چین لە کۆبوونەوەی جەدە خاڵێکی گرنگ بووە، ئامانجی پەکین لە بەشداری لە وەها کۆبوونەوەیەکدا ئەوەیە کە بەدەر لە دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ناوی خۆی بە جۆرێک لە ڕووسیا جیا بکاتەوە و بە هەمووان بڵێت کە هێندە ڕەزامەندیی لە سەر سیاسەتەکانی مۆسکۆ نییە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە بەشداریی چین لە کۆبوونەوەی جەدە وەک مانۆڕێکی سیاسی بۆ پەکین بووە. تەنیا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی جەدە بۆ سعوودیە بووە و بە جۆرێک دەتوانێت محەممەد بن سەلمان چەند هەنگاوێکی دیکە لە کورسی پاشایەتی نزیک بکاتەوە./.