بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی دووشەممە 7 ی ئاب، نوێترین لێکدانەوەی تەل ئەبیبیان لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی دژ بە حزبوڵڵای لوبنان خستەڕوو.
کەناڵی المیادین بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان، لە یەکەم ڕۆژانی ئەو شەڕەدا بە هەزاران مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن و بەم بۆنەوە ئەگەری هەزاران ئاگرکەوتنەوە و هەروەها دەستپێکردنی چەندین شەپۆلی شەڕی ئەلیکترۆنی لە ئارادایە.
هەروەها ئەگەری دوورکەوتنەوەی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی فەڵەستینی داگیرکراو لە ئارادایە و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئیسرائیل ڕادەگیرێن و ڕێگاوبانەکان دادەخرێن. لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندییەکان تووشی کێشە و گرفت دەبن و ژێرخانەکانی پەیوەندییەکان ئەگەری تێکچوونیان لە ئارادایە و تەنانەت توانای هۆشداریدان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکان ڕوبەڕوی کێشە دەبێتەوە.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی نوێ لە دژی حزبوڵڵای لوبنان، بە هۆی بەئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبا، ئیسرائیل بۆ چەندین کاتژمێر و ڕەنگە بۆ چەندین ڕۆژی بەردەوام لە تاریکیدا دەبێت.
پێشتریش ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست لە سەر زاری زۆربەی بەرپرسانی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندبوو کە حزبوڵڵا بە هۆی بەهێزبوونی یەکەی تایبەتی ڕزوان و هەبوونی نزیکەی 150 هەزار مووشەک بە گەورەترین هەڕەشە لە سەر تەل ئەبیب دادەنرێت.
ئەمیرام لڤین فەریقی یەدەک لە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ماوەیەک بەر لە ئێستا نیگەرانی خۆیی لە بەهێزبوونی حزبوڵڵا دەربڕی و جەختیکردەوە کە هێزەکان و مووشەکەکانی حزبوڵڵا دەگەنە هەر ناوچەیەکی فەڵەستینی داگیرکراو و حزبوڵڵا دەتوانێت ناوچەیەکی بەربڵاو و پڕحەشیمەتی ئیسرائیل بە دەیان هەزار مووشەک بکاتە ئامانج.
عاموس یادلین بەرپرسی پێشووی دەزگای دژە هەواڵگریی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە هەمان شێوە سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا هۆشداریی داوە و ئەم بزوتنەوەی بە گەورەترین هەڕەشەی سەربازیی ئێستا لە سەر تەل ئەبیب ناو بردووە و شەڕی سێهەمی لە گەڵ حزبوڵڵا بە دژوار و جیاواز بەراورد بە شەڕەکانی پێشوو پێناسە کردووە./.