بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ماوەی ڕابردوو شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوپەیمانییەکی دەریایی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس پێک دەهێندرێت. سەرەڕای ئەوەی کە وردەکاری زۆر لە سەر ئەم پرۆژە سەربازییە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام کاردانەوەی جیاجیای بە دوای خۆیدا هێنا، لە کاتێکدا کە چین پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە ڕاگەیاند، ئەمریکا ئیدانەی کرد و بە دوور لە ڕاستییەکان ناوی بردووە.
ئەوەی کە گرنگە، ئەگەری بەهێزی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەیە. ئایا هەلومەرجی ئێستای ناوچەکە بۆ بە خۆماڵیکردنی بواری ئاسایش ئامادەیە، یان ئایا بە ئامادەبوونی وڵاتانی وەک ئەمریکا لە ناوچەکە، گەیشتن بە وەها هاوپەیمانییەک مسۆگەر دەبێت؟
داڕشتنەوەی سیستەمی ناوچەیی لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە
وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس لە ساڵانی ڕابردوو بە سەرمایەگوزاری لە بوارەکانی گەشتیاری، هەناردەی وزە و هەروەها پێویستی ڕاکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنانی بیانی، پێویستیان بە دابینکردنی ئاسایش هەیە، ئاسایش بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی وزە، بۆ ئەوەی کە وڵاتێک خاوەن کەشێکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان بێت و هەروەها ئاسایش دەتوانێت بنەما و پێویستییەکی سەرەکی بۆ هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەم وڵاتانە بێت.
لە لایەکی دیکەوە، دوو ڕووداو بووەتە هۆی ئەوەی تا وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان جۆربەجۆر بکەن و بە تەنیا پشت بە ئەمریکا نەبەستن. ڕووداوی یەکەم، کشانەوەی لەناکاوی ئەمریکا لە ئەفغانستان بووە، ڕووداوێک کە زەنگی مەترسیی بۆ تەواوی ئەو وڵاتانە لێداوە کە ئاسایشی خۆیان بە بوونی سەربازیی ئەمریکاوە گرێداوە. ڕووداوی دووەم، گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە کە گرنگییەکی زیاتری بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا داوە و وا خوێندنەوەی بۆ کراوە کە چیدی ناوچەی باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ ئەمریکا گرنگی پلەی یەکی نییە.
هەربۆیە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس بەوە گەیشتوون کە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و خۆیان، دەبێت کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن و سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاسایش لە ڕێگای هاوکاری ناوچەییەوە زیاتر بکەن.
بەم تێڕوانینەوە، سیستەمی ناوچەکە تووشی گۆڕانکاری بووە، بۆ نموونە، باشتربوونی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و سوریا و هەروەها دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران و سعوودیە، ئەو زنجیرە ڕووداوانەی کە هێندە دوور نییە لە داهاتوودا بگاتە ڕێکەوتنی ئەمنیی نێوان وڵاتانی باشوری ناوچەی کەنداوی فارس و کۆماری ئیسلامی ئێران.
وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە بەو ڕاستییە گەیشتوون کە بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئێران تەنیا تێچووە سەربازییەکانی ئەوان زیاتر دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە هاوکاری لە گەڵ ئێران دەتوانن بەدەر لە کۆنتڕۆڵکردنی تێچووە سەربازییەکان، ئاسایشی ناوچەکە زیاتر و باشتر دابین بکەن، ئەم ڕاستییە بووەتە هۆی ئەوەی کە وڵاتێکی وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە لە هیچ هاوپەیمانییەکی دژ بە ئێراندا بەشداری ناکات.
دەرفەت و کێشەکان
لەم هەلومەرجەی ئێستادا زۆربەی دۆسیە ناکۆکەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی وەک سعوودیە و ئیمارات چارەسەر بووە، بۆ نموونە، قەیرانەکانی سوریا و یەمەن لە ساڵانی ڕابردوو لە گرنگترین هۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئێران و دراوسێ عەرەبەکان بووە.
لە لایەکی دیکەوە، چین بە زیاتربوونی ڕۆڵی دیپلۆماسی و ئابوریی خۆی لە ناوچەکە بووە هاندەرێکی باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس. چین بە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز، نیازپاکی خۆیی لەم بوارەدا پیشان داوە.
بەڵام چەندین کێشە و بەربەست لە بەردەم ئەم هاوپەیمانییەدا دەبینرێت. ڕێکەوتنی ئابراهام لە نێوان وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، کاریگەریی لە سەر بڕیاری ئەم دوو وڵاتە دەبێت. ڕژێمی زایۆنیستی بە ئاسانی قووڵایی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس لە دەست نادات و دژی هەر ڕێکەوتن و هاوپەیمانییەک دەبێتەوە کە هۆکاری نزیکبوونەوەی ئێران و وڵاتانی باشوری کەنداوی فارس بێت.
ئەمریکاش دژی ئەم هاوپەیمانییە دەبێت، واشنتن 7 بنکەی سەربازی گرنگی لە ناوچەکە بە تایبەت یەکەی پێنجەمی دەریایی لە بەحرەین هەیە و بۆ چەندین دەیە تەنیا سەرچاوەی دابینکردنی ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بووە، ئەڵبەت لە پێناو مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی خۆی بە تایبەت وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لەم وڵاتانە و فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بەوان. بەم هۆیەوە واشنتن موڵەتی ئەوە نادات کۆنتڕۆڵی ئاسایش و بازاڕی چەکی وڵاتانی ناوچەکە لە دەست بدات.
سەرەڕای ئەمەش، وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس ئەوەیان سەلماندووە کە سەرەڕای بوونی پەیوەندی و بەرژەوەندی لە گەڵ ئەمریکا، تا ڕادەیەک نیمچە سەربەخۆییەکیان لە بڕیارداندا هەبووە و ئەمەش وایکردووە کە پێکهێنانی هاوپەیمانی سەربازی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە هێندە ئەستەم نەبێت.
بەرژەوەندییەکان
یەکەم تایبەتمەندی ئەم هاوپەیمانییە، ئەوەیە کە تێچووە سەربازییەکانی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکات. هەروەها ئاسایشی ناوچەکە بە خۆماڵی دەکرێت و بوونی وڵاتانی بێگانە کەم دەبێتەوە.
وڵاتانی ناوچەکە لەم ڕێگایەوە دەتوانن باشتر و کاریگەرتر ڕوبەڕوی تیرۆریزم ببنەوە، لە ئەگەری مسۆگەربوونی ئەم ئامانجەش، وەبەرهێنانی بیانی و هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە بە ئاسانی دەکرێت.
لە ڕووی سیاسییەوە، ئەم هاوپەیمانییە دەبێتە هۆی شکستی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا کە ئێرانی وەک مەترسییەک بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ناساندووە، هەروەها بەرە بەرە قووڵایی ستراتیژیی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەی کەنداوی فارس لە ناو دەبات.
ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەم پرۆژەیە، هەوڵی بەدیهاتنی ناوچەیەکی بە دوور لە هێزی بێگانە و هەروەها خاوەن سەقامگیری دەدات. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەدەر لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، وڵاتانی وەک عێراق، پاکستان، هیندستان و چین پەیوەندی بەم هاوپەیمانییەوە دەکەن و لەم ڕێگایەوە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ، ڕوو لە دابەزینی بەرچاو دەکات.
نابێت ئەوەش بڵێین کە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە بە خێرایی و بە ئاسانی دەبێت و بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە کۆتایی دێت، بەڵام گەیشتن بە ئاسایشی ناوچەیی و بە خۆماڵیکردنی ئاسایش، لە ڕێگای وەها پرۆژەیەکەوە دەبێت./.