بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ ژاپۆن بە میدیاکانی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند کە لە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا گرنگیدان بە ئاسیا بابەتێکی سەرەکییە و لەم چوارچێوەشدا هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتی ژاپۆن دەدرێت.
ناوبراو وتی: زیاتر لە هەزار ساڵە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان و زیاتر لە 9 دەیەش پەیوەندی فەرمی دیپلۆماسی، بوونەتە پشتیوانییەک بۆ پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان تاران و تۆکیۆ.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و ژاپۆن، یەکێک لە دیپلۆماتکارانی باڵا وەک باڵیۆزی ئێران لە تۆکیۆ دەستنیشان کراوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ئۆکراینا وتی: ئێمە لە کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن هێزی بەرگری و تەکنۆلۆژیاین و هێزی بەرگری ئێمە لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەکە بەکار دێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بە دڵنیاییەوە کە پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ ڕووسیا هەیە و لە ساڵانی ڕابردوو یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی ئەم پەیوەندییانە، هاوکاری لە بواری بەرگریدا بووە بەڵام هیچ چەک و درۆنێکی ئێرانی بۆ شەڕی ئۆکراینا نەدراوەتە ڕووسیا و ئەم وڵاتە خۆی یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەران و هەناردەکارانی چەک لە ئاستی جیهانی.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە لە ئۆکراینا ڕوو دەدات ئەنجامی سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە و ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەش لەو وڵاتە بەکار دێن، لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دابین دەکرێت بەڵام بە دڵنیاییەوە کە چەک و درۆنی ئێرانی بە هیچ لایەنێک نەدراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دژی پڕچەککردنی هەر دوو لایەنی شەڕی ئۆکراینا دەمێنینەوە و لەو بڕوایەداین کە قەیرانی ئەم وڵاتە ڕێگاچارەی سەربازیی نییە.
وتیشی کە تاران بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە پەیوەندیدا دەبێت./.