بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە هەوڵی نێوەندگێڕی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەدات.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی کۆبوونەوەی داهاتووی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا پێشنیارەکەی دەخاتەڕوو.
بە وتەی سەرچاوەکە، تورکیا لەو بڕوایەدایە کە شەڕی ئۆکراینا براوەی نابێت و هیچ کەس لە پرۆسەی ئاشتیدا دۆڕاو نابێت.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەنکەرە داوای ئاگربەست لە شەڕی ئۆکراینا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەکات.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ئەردۆغان جێی متمانەی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا و زیلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکراینایە و ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی./.