بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە لە چاوپێکەوتنی عەلی سەبری وەزیری دەرەوەی سریلانکا، بە ئاماژە بەوەی کە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستا بەردەوام ڕووی لە گەشەسەندن بووە، وتی: دەرفەتی زۆر لە هەر دوو وڵاتی ئێران و سریلانکادا هەیە کە دەتوانێت ئاستی پەیوەندییەکان بەرزتر بکاتەوە.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە پێشکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بوارە جیاجیاکان، بە تایبەت لە بواری زانست و تەکنۆلۆژیا سەرەڕای گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا، وتی کە ئامادەین ئەم توانا و پێشکەوتنە بکەینە هاوبەشی وڵاتانی دۆستی وەک سریلانکا.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لە سەر پێویستی چالاکبوونی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکارییە ئابوریەکانی ئێران و سریلانکا کردەوە و وتی: وڵاتی سریلانکا دەرفەتی زۆری بۆ پێشکەوتن هەیە کە ئەگەر دەستێوەردان و پیلانگێڕی دەرەکی بە تایبەت لە لایەن زلهێزەکانەوە نەدەبوو، دەیتوانی بگاتە گەشە و بەرەوپێشچوونێکی زۆر.
وەزیری دەرەوەی سریلانکاش لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند کە لەم سەردانەدا پێشکەوتنەکانی ئێرانی بەو هەموو گەمارۆ و سزا ئابورییەوە لە نزیکەوە بینیوە و بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆمار و گەلی ئێران کرد.
عەلی سەبری بە ئاماژە بە ئامادەبوونی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە سریلانکا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لە بواری ئابوری، تەندرووستی، زانست و تەکنۆلۆژیا./.