بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توڕەبوونی موسڵمانان لە تاوانی سووکایەتی و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید بە موڵەتی فەرمی حکومەتی ئەو وڵاتە، گەیشتووەتە لوتکە و وڵاتانی ئیسلامی بە شێوازی جۆربەجۆر کاردانەوەیان لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا هەبووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ” ئیڤان کسیچ ” شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسی کرواتیا لە نووسینێکدا کە لە ماڵپەڕی Press TV بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە:
ژمارەیەک لە وڵاتان دیپلۆماتکارانی سویدییان دەرکردووە و ژمارەیەکی دیکە ڕایانگەیاندووە کە باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی ئەو وڵاتە وەرناگرن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی بانگهێشتی باڵیۆز و بەرپرسانی دیپلۆماسیی سویدیان لە خاکی خۆیان کردووە و سەبارەت بە سووکایەتیکردن بە قورئان، ئەوپەڕی ناڕەزایەتی گەل و حکومەتی خۆیان بەوان ڕاگەیاندووە.
سەلوان مۆمیکا پەنابەری 37 ساڵەی مەسیحی عێراقی لە خاکی سوید، لە بەرامبەر گەورەترین مزگەوتی شاری ستۆکهۆڵم و لە یەکەم ڕۆژی پشووەکانی جەژنی قوربان کە لە 28 ی حوزەیرانی ڕابردوو بەڕێوەچوو، سووکایەتی بە قورئان کرد و ئەم کتێبە پیرۆزەی موسڵمانانی سووتاند. لە کردەوەیەکی هاوشێوەی دیکەدا لە بەرواری 19 ی تەمموز لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بە پاڵپشتی و پاراستنی پۆلیسی سوید، هەمان تاوانی دووبارە کردەوە، هەروەها ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدریش سووتێندرا.
هەر دوو ڕووداوەکە بە موڵەتی فەرمی حکومەتی سوید و بە بیانووی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین کراوە و ئەڵبەت کە دامەزراوە سیاسییەکانی سوید پاڵپشتی فەرمی خۆیان لەم تاوانە ڕاگەیاندووە. سوید لە ڕابردووشدا هەنگاوی توندڕەوانەی لەم شێوەیەی هەبووە.
لە پاش تاوانەکانی ئەمساڵ، خواستی بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی سوید بە تایبەت سزادانی کۆمپانیا و براندە بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتە لە نێو موسڵماناندا زیاتر بووە.
بەرهەمە ناسراوەکانی سوید و کڕیارەکانیان؟
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2022، گەورەترین هاوردەکارانی کاڵای سویدی لە نێو وڵاتانی ئیسلامی، تورکیا و سعوودیە بوون. کۆی گشتی هاوردەی ئەم دوو وڵاتە لە سوید، نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ بووە.
وڵاتانی میسر، ئیمارات، ئەندونیزیا، مالیزیا، مەغریب، قەتەر، جەزایر، پاکستان، نەیجر، کازاخستان، عۆمان، تونس، کوێت و عێراق لە پلەکانی دواتر ناویان دەبینرێت.
زیاترین هاوردەی وڵاتانی ئیسلامیش لە سوید بریتین لە: بەردی کانزایی، ئاسن و پۆڵا، ئۆتۆمبێل، کەرەستەی پیشەسازی، کاخەز، دەرمان و کەرەستەی ئەلیکترۆنی. زۆربەی ئەم بەرهەمانەش پەیوەندییان بە پیشەسازی گەورە و ئەو هاوردەکارانەوە هەیە کە لە پلەی یەکەمدا کۆمپانیا حکومییەکانن، هەر بۆیە دەستێوەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕێگری لە هاوردەی کاڵای سویدی بە پێویست دادەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە سزا و گەمارۆکانی دژ بە کاڵا و بەرهەمەکانی سوید تەنانەت لە لایەن تاکی موسڵمانەوە کاتێک کاریگەریی دەبێت کە ئۆتۆمبێلەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت پاس و بارهەڵگرەکانی کۆمپانیای VOLVO بگرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە بەشێکی هەرە گرنگی هەناردەی سوید لە خۆ دەگرێت.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی سوید وەک IKEA کە لە بواری کەرەستەی نێو ماڵ چالاکی دەکات بە هەمان شێوە کڕیاری زۆری لە سەر ئاستی جیهاندا هەیە. هەروەها بازرگانی و کۆمپانیاکانی دیکەی ناسراوی سویدی لە ئاستی جیهانی کە داهاتێکی زۆریان لە هەناردەی بەرهەمەکانیان هەیە، وەک کۆمپانیای Assa Aboly، کۆمپانیای Electrolux کە لە بواری وەبەرهێنانی کاڵا و پێداویستی ناو ماڵ چالاکی دەکات، کۆمپانیای مۆبایلی Sony Ericsson، بەرنامەی Skype، براندی پاراستنی منداڵ ی Essity، کۆمپانیای جلوبەرگی Hennes and Mauritz(H&M)، کۆمپانیای Skanska بۆ ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی، کۆمپانیای VOLVO و چەندین کۆمپانیای دیکە.
سوید یەکێک لە گەورەترین ئابورییەکانی ئەورووپایە کە زیاتر پشت بە هەناردە دەبەستێت. بایکۆتکردنی کاڵای سویدی دەبێت زیاتر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بێت کە زیاترین هاوردەیان هەیە. ئەزموونی پێشووی بایکۆتکردنی کاڵای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی فەڵەستین دەتوانێت لە ئێستادا بۆ سوید دووبارە ببێتەوە، وەک سزادانێک لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لەو وڵاتە.
کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە کاڵای سویدی
لە ماوەی ڕابردوو سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز زۆرترین کاردانەوەی موسڵمانانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و داواکارییەکی زۆر لەم ڕێگایەوە بۆ سزادانی سوید و بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی ئەو وڵاتە خراوەتەڕوو.
” حەمید ڕەزا غوڵامزادە ” جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی سەرۆکایەتی شارەوانی تاران لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی ئیسلامی دەبێت لە هەنگاوێکی یەکگرتوودا باڵیۆزەکانی سوید دەربکەن و کۆتایی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە گەڵ ئەو وڵاتە بێنن، کۆمەڵگا ئیسلامییەکانیش دەبێت بایکۆتی کاڵای سویدی بە تایبەت بەرهەمەکانی کۆمپانیای IKEA بکەن.
” ڕەوشەن سەلاح ” ڕۆژنامەنووس بە هەمان شێوە ئیدانەی تاوانی سووکایەتی بە قورئانی پیرۆزی لە سوید و دانیمارک کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو وڵاتە، ڕەگەزپەرست و پشتیوانی لە دوژمنانی ئیسلام دەکەن و بە دوو وڵاتی ناشارستانی دادەنرێن، هەر بۆیە دەبێت لەو شوێنەوە دژایەتی بکرێن کە زیاترین زیانیان پێدەگات و ئەمەش بواری ئابورییە و دەبێت کاڵا و بەرهەمەکانی سوید و دانیمارک بایکۆت بکرێت.
کەسێکی کوێتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پۆستێکدا وێنەی تەواوی بەرهەم و براندە ناسراوەکانی سویدی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بایکۆتیان دەکات تا لەم ڕێگایەوە پشتیوانی خۆی بۆ قورئانی پیرۆز ڕابگەێنێت.
کەسێکی دیکە بە هەمان شێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە کە سوید ئازادی ڕادەربڕینی کردووەتە بیانووی سووکایەتی و بێڕێزی بە قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان، ئەم تاوانە دەبێت کۆتایی بێت و لە زووترین کاتدا کاڵای سویدی بایکۆت بکرێت./.