بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێحسان عەتایا لە میانەی وتارێکی لە سی و دووەمین کۆنگرەی نیشتمانیی عەرەبی لە بەیروت، وتی: گەنجانی خۆڕاگری لە جنین لە شەڕی قارەمانانەی ئەم دواییە بەرامبەر بە تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەوەیان سەلماند کە گەلی فەڵەستین سەبارەت بە بژاردەی خۆڕاگری، یەکگرتوون و یەک بۆچوونی هاوبەشیان هەیە.
ناوبراو وتی: یەکەی هێزەکانی خۆڕاگری و خەباتگێڕی جنین دابەش ناکرێت و هەڵناوەشێتەوە و بە خۆڕاگریی کەم وێنەی خۆی لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە وانەیەکی لەبیرنەکراو بە دوژمن بدات و پێدانی نازناوی جنین بەم خولەی کۆنگرەی نیشتمانیی عەرەبی پیشان دەدات کە ئەم وانەیە لە تەواوی ئاستی گەلانی عەرەبیدا بوونی هەیە.
نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە لوبنان وتی: خەڵک هاوکاری خۆڕاگری و هێزە خەباتگێڕەکانی جنین دەکەن کە ئەمەش پیشاندەری بەشداری خەڵکە لە خەباتی خۆڕاگری و ئەم بەشدارییەش سەلمێنەری ئامانجەکانی گەلی ئێمەیە و یەکڕیزی هەڵوێستی فەڵەستین لە ئاکامدا سەرکەوتنی کۆتایی بەرامبەر بە دوژمنی زایۆنیستی مسۆگەر دەکات.
عەتایا وتی: یەکڕیزی عەرەبی بنەمای یەکڕیزی فەڵەستینە و یەکڕیزی گەلانی عەرەبی کاریگەریی لە سەر یەکڕیزی فەڵەستین دەبێت و بەم یەکڕیزییەش دەتوانین شکست بە دوژمن بێنین.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: جیهانی ئیسلام ئەمڕۆ ڕوبەڕوی شەڕێکی تەواو لە بوارەکانی سەربازی، میدیایی، سیاسی و ئابوری بووەتەوە و گەمارۆدانی سوریا، لوبنان، ئێران، یەمەن و غەززە پیشاندەری ئەمەیە کە هەر لایەنێک پاڵپشتی لە قودس و دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی بکات، ڕوبەڕوی ئەم هێرشانە دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: پێوەری سەرەکی بۆ ئێمە خۆڕاگرییە و ئەوەی کە پرۆژەی خۆڕاگری قبووڵ بکات، لە بەرەی فەڵەستیندایە و گرنگ نییە شووناسە نیشتمانییەکەی چی بێت، بەڵام هەر کەسێک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و یەکبوون لە گەڵ دوژمن هەڵبژێرێت، هەر کەسێک بێت، لە بەرەی دوژمناندایە نەک فەڵەستین./.