بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا کە بە یاوەری شاندێکی سیاسی و ئابوری سەردانی تارانی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە سەردانی شاندەکەی سوریا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕیار و ڕێکەوتنەکانی سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دیمەشق بووە.
ناوبراو وتی کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سوریا لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات کردووەتەوە.
مێقداد وتی: لە سەر فەرمانی ڕێبەرانی هەر دوو وڵات هەنگاوی کرداری بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا دەستیپێکردووە و هەوڵ دەدەین لە بوارە جیاجیاکان گۆڕانکاری بەرچاو لە پەیوەندییەکاندا بکرێت.
وەزیری دەرەوەی سوریا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە قەیرانە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: گەلی ڕەسەن لە ناوچە داگیرکراوەکان، گەلی فەڵەستینە و ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی گەورە بووەتەوە و ڕاپەڕین و دەسکەوتەکانی گەلی فەڵەستین و گرووپەکانی خۆڕاگریش پەرەیان سەندووە.
ناوبراو وتی کە جۆلانی داگیرکراو بۆ باوەشی سوریا دەگەڕێتەوە و بە دڵنیاییەوە کە گەلی خۆڕاگری سوریا موڵەتی بەردەوامبوونی داگیرکاری ئەمریکاش لە سەر خاکی خۆیان نادەن.
فەیسەڵ مێقداد وتی: دەمەوێت بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و کۆنگرەی ئەو وڵاتە بڵێم ئەوەی کە هێزەکانیان لە سوریا دەیکەن تاوانی شەڕە و داگیرکارییە و بە دڵنیاییەوە کە گەلی سوریا ئەوان ناچار بە پاشەکشە و هەڵهاتن دەکەن./.