بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک، باشترین کاتەکانی خواردنی میوەی بەم شێوازە باس کردووە:
1 – باشترین کات بۆ خواردنی میوە بریتییە لە دوو کاتژمێر یان زیاتر پێش یان دوای ژەمە سەرەکییەکان، بۆ نموونە، کاتژمێر 10 ی بەیانی و 3 ی عەسر و 9 ی شەو، لە بەر ئەوەی کە ئەو کاتە جەستە پێویستی بە وزە و خۆراک هەیە و مرۆڤ هەست بە برسییەتی و بێهێزی دەکات.
2 – ڕاستەوخۆ پاش خواردنی ژەمەکان نابێت میوە بخورێت لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوسانی سک، قرقێنە و دڵەکزێ.
3 – لە گەڵ ژەمە سەرەکییەکان نابێت میوە بخورێت، لە بەر ئەوەی کە مرۆڤ بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت بڕێکی زۆر کالۆری دەچێتە جەستەیەوە و دەبێتە هۆی زۆریی کێش و قەڵەوی.
4 – شەوان پێش نووستن بە دوو کاتژمێر دروست وایە هیچ خۆراکێک نەخورێت، بەڵام ئەگەر ئەو کەسە زۆری برسی بوو یان حەزی لە خواردنی شیرینی بوو، دەکرێت پارچەیەک کیوی یان لالەنگی یان نیو هەنار بخوات.
5 – میوەی وشککراو بڕێکی زۆر وزەی تێدایە و خواردنی درووست نییە بۆ کەسانێک نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان قەڵەون و لە کاتی ڕێجیمدان./.