بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جنین پلاسخارت لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، ڕۆژی یەکشەممە لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
ئەمە یەکەم سەردانی پلاسخارت بۆ ئێران لە سەردەمی کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بووە.
ناوبراو پێشتر لە ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی (2020) سەردانێکی دوو ڕۆژەی بۆ تاران هەبوو.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق هەروەها پێشتر لە گەڵ محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا کۆبووەتەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق وتی: پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە، هێندە بە هێز و لە سەر بنەمای دراوسێتی و خاڵە هاوبەشەکانە و بەدەر لە کاریگەرییەکانی بۆ هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق، لە بەرژەوەندی سەقامگیری، ئاسایش و گەشەی ناوچەکەدایە بە گشتی.
ناوبراو جەختی لە سەر گرنگی ڕۆڵی ناوچەیی عێراق کردەوە و وتی: سنورەکانی نێوان ئێران و عێراق گرنگن و پێویستە ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان هەر دوو وڵات جێبەجێ بکرێت./.