بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە کە چی ڕوو دەدات ئەگەر بە هەر بیانوویەک بە تایبەت دابەزاندنی کێشەی جەستە، واز لە خواردنی نانی بەیانی بێنین؟
توێژینەوە پزیشکییەکان سەبارەت بەمە گەیشتوونەتە چەند ئەنجامێکی جیاواز و سەرجەمیان کۆکن لە سەر ئەوەی کە نەخواردنی ژەمی بەیانی دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییە تەندرووستییەکان.
پسپۆڕانی پزیشکی ڕایانگەیاندووە کە نەخواردنی ژەمی بەیانی دەبێتە هۆی زۆربوونی فشاری خوێن و کۆلیسترۆڵ و ئەمەش مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات بە تایبەت ئەگەر نەخۆشییەکە مێژووی لە ناو بنەماڵەیاندا هەبێت.
هاوکات نەخواردنی ژەمی بەیانی دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە چەوری زیاتر بسووتێنێت و ئەوەش بۆ هەندیک کەس شەکەتیی لێدەکەوێتەوە. خواردنی ژەمی بەیانی جەستە لە هەوکردن دەپارێزێت.
لە لایەکی دیکەوە، ژەمی بەیانی ئاستی گلوکۆز هاسەنگ ڕادەگرێت کە مادەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی جەستە لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی قەڵەوی و شەکرەی جۆری دووەم.
پزیشکان هۆشداریش دەدەن کە نەخواردنی ژەمی بەیانی بە مەبەستی دابەزاندنی کێشی جەستە دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە کاتژمێرەکانی دواتری ڕۆژەکەدا ویستی خواردن زیاتر ببێت و خواردنی پڕ لە کالۆری بخورێت./.