بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش دەسدرێژییە بەردەوامەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر پیرۆزییە ئیسلامییەکان و بە تایبەت سووکایەتیکردنی ئەوان بە قورئانی پیرۆز لە سوید و دانیمارک، زۆربەی کەسایەتی و ڕێکخراو و دامەزراوە ئیسلامییەکان داوای گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەشیان لە دژی ئەو وڵاتانە کرد تا ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی تاوانی لەو شێوەیە بکرێت.
زانکۆی ئەزهەری میسر یەکێک لەو دامەزراوە ئیسلامییانە بووە کە وەک گرنگترین دامەزراوەی ئائینی سوننە، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی سوید و دانیمارکی کرد. ئەزهەر بە تیرۆریست ناوبردنی ئەنجامدەرانی تاوانی سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز، لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە کە پێویستە بۆ ڕێگرین لە دووبارەکردنەوەی ئەم تاوانانە و هەروەها هێرشی ڕەهەزپەرستانە بۆ سەر ئیسلام، قورسترین سزا دیاری بکرێت.
زانکۆی ئەزهەری میسر هەروەها وێڕای ئیدانەکردنی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەم تاوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەرامبەر بە وڵاتانی سوید و دانیمارک جەختیکردەوە کە پێداگری ئەو وڵاتانە لە سەر دووبارەکردنەوەی تاوانی سووکایەتی بە قورئان، کاردانەوەی توندی ئیسلامی و عەرەبیی لێدەکەوێتەوە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، شێخ مازی مەشعەل لە زانایانی زانکۆی ئەزهەر لە چاوپێکەوتنی ئاژانسێکی ئێرانی ڕایگەیاند کە ئەزهەر بە پێی ئەو پێگەی کە هەیەتی، دامەزراوەیەکە کە پارێزەری بیر و بۆچوونەکانە و بە پێویست دادەنرا کاردانەوەی لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوید و دانیمارک هەبێت. زانکۆی ئەزهەر هەڵوێستێکی توندی لە بەرامبەر ئەو کەسانە دەبێت کە سووکایەتی بە قورئان و پیرۆزییەکان دەکەن، ئەوانەی کە دژایەتی ئیسلام دەکەن یان هەوڵی لاوازکردنی پیرۆزییە ئیسلامییەکان دەدەن.
ئازادی ڕادەربڕین بیانووی ڕۆژئاوایە بۆ دژایەتیکردنی وڵاتان و لایەنەکانی دیکە
شێخ مازی مەشعەل لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە داواکەی زانکۆی ئەزهەر بۆ بایکۆتکردنی کاڵای سویدی و دانیمارکی بە ئامانجی ڕوبەڕوبونەوەی هەوڵی دوژمنکارانەی ئەو وڵاتانە بە بیانووی ئازادی ڕادەربڕین، وتی: ئازادی ڕادەربڕین لە ڕاستیدا بووەتە بیانوویەک بۆ ئەو وڵاتانە تا دژایەتی ئەوە بکەن کە بۆچوونی دژ بەوانی هەیە، ئەوانەی کە دژی وڵاتانی ئەورووپی بیر دەکەنەوە، هەروەها ئازادی ڕادەربڕین بزمارێکە کە ئەو وڵاتانە بیر و بۆچوونەکانی خۆیانیان پێوە بەستووەتەوە، بەڵام کاتێک کە ئازادیی لایەنەکانی دیکە دەست پێدەکات، ئازادی ئێوە کۆتایی دێت و ئێوە تا ئەو کاتە ئازادن کە زیانێکتان بۆ ئەوان نەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەوە ئازاد نین.
ئەو زانا میسرییە وتی: بایکۆتکردن و سزادانی ئەو وڵاتانە بە پێویست دادەنرێت و هەر ژن و پیاوێکی موسڵمان دەبێت واز لە کڕینی کاڵای سویدی و دانیمارکی بێنێت، لە بەر ئەوەی کە بۆ بەرگری لە ئائینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز ئەم ئەرکەمان لە سەرە، ئەگەر قورئان پیرۆزی و دەستووری ئێمەیە، دەبێت بەرگریی لێبکەین و بە پێی ئەو ئەرکەی لە سەرمانە، بایکۆتی کاڵا و بەرهەمەکانی ئەو دوو وڵاتە بکەین.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی میسر پاش داواکەی زانکۆی ئەزهەر بۆ سزادانی کاڵای سویدی و دانیمارکی کە داوایەکی فەرمی ئائینی بە دەنگی زۆرینەی موسڵمانانی جیهانە و هەروەها هەڵوێستی فەرمی میسر کە بانگهێشتی باڵیۆزی سویدی کرد، وتی: ئێمە دەستخۆشی لە وەزارەتی دەرەوەی میسر دەکەین بە بۆنەی ئەم هەڵوێستەی. ئەگەر ئێمە بەرگری لە قورئان بکەین، یارمەتیدەرمان دەبێت، ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە.
شێخ مازی مەشعەل وتی: ئێمە دەمانەوێت وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ڕێز لە قورئان بگرن، دەبێت بەرگری لە پیرۆزییە ئیسلامییەکان بکەین و لە بەرامبەر هەر کەسێک کە هەوڵی بێڕێزکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی ئێمە بدات، دەوەستینەوە.
دانیمارک و سوید ئاگاداری بەردەوامی ئەم تاوانە بن
ئەو زانا بەناوبانگەی زانکۆی ئەزهەر سەبارەت بە دەستەواژەی ئازادی ڕادەربڕین کە لە ئاستی جیهان باسی دەکرێت و ئەوەی کە چۆن وەک بیانوویەک بۆ سووکایەتی بە قورئان بەکار دێت، وتی: ڕای گشتی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی ئەم تاوانە هەڵوێستیان هەبوو و ئەم تاوانە بە بیانووی ئازادی ڕادەربڕین بۆ هیچموسڵمانێک لە هیچ شوێنێکی جیهان قبووڵکراو نییە.
ناوبراو وتی: سەرەتا پەیامی ئەوە بە وڵاتانی سوید و دانیمارک دەدەین کە واز لەم تاوان و پیلانگێڕییە بێنن، بەردەوامیدان بەم تاوانە کۆتایی بە دۆستایەتی ئێمە و ئێوە دێنێت و کەلێنێکی گەورە درووست دەکات، ئەویش لە کاتێکدا کە ئێمە جەخت لە سەر ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکەینەوە./.