بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ خالید مەلا سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامیی عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، سەبارەت بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتانی سوید و دانیمارک، وتی: ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە لە بەرامبەر قورئانی پیرۆز یا سووتاندنی ئاڵای وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها سووتاندنی وێنەی مەرجەعەکانی باڵا، لە ڕوانگەی ئێمەوە بێ ئامانج و پلان نییە، بەڵکوو لە پشتەوەی ئەم کردەوانەوە پیلانێک بۆ دژایەتیکردنی موسڵمانان حەشار دراوە.
شکستی پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە
ناوبراو وتی: سەرجەم پیلان و بەرنامەکانی ئەمریکا لە 40 ساڵی ڕابردوو بۆ زاڵبوون بە سەر سەرچاوەکان و سەروەت و سامانی وڵاتانی ناوچەکە ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە. ئەوان تەنانەت هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بیر و هزری خەڵکی ناوچەکەشیان دەدا بەڵام شکستیان هێنا، ئەوان سەردەمێک بە ناردنی توندڕەوەکان و سەردەمێک لە ڕێگای داعش و هەروەها سەردەمێک بە هێنانەپێشەوەی پیلانی هاوڕەگەزخوازەکان و هەروەها بە تێکدانی دۆخی وڵاتان و ئاڵۆزی لە ناوچەکە هەوڵی جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆیان دەدا، بەڵام ئەو پیلان و ئامانجانەی ئەوان شکستیان هێنا. ئەوەی کە نەخۆشێکی دەروونی کە بە ئاسانی بە پارە دەکڕدرێت و بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەشەکانی خۆیان ئاسایشی ئەویان دابین کردووە تا سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز بکات و ئاڵای عێراق بسووتێنێت، ئەنجامی شکستی ئەو پیلان و بەرنامانەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە لە ناوچەکە.
گرنگی لێدوانەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران
شێخ خالید مەلا سەبارەت بە حوکمی ئائینی سووکایەتیکردن بە قورئان، بە تایبەت ئەوەی کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بەم پرسە جەختیانکردەوە کە سەرجەم موسڵمانان لە سەر ئەوە هاودەنگن کە ئەو کەسە دەبێت قورسترین سزا وەربگرێت، وتی: لێدوانەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران زۆر درووستە و بۆ ئەوەی کە دژی ئێمە و زانایانی ئێمە ئەوە نەوترێت کە هەر کەس تووشی تاوانێک دەبێت، دەکوژرێت، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان کە ئەو تاوانبارە دەبێت ڕادەستی دەزگای دادی یەکێک لە وڵاتانی ئیسلامی بکرێت، ئەمە فەرمانێکی دادوەرییە لە دژی ئەو کەسانە و پیشاندەری سەروەری یاسایە لە وڵاتانی ئیسلامی.
ناوبراو وتی: لێدوانەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ڕادەستکردنی ئەو کەسەی سووکایەتیی بە قورئانی پیرۆز کردووە، بە دەزگای دادی وڵاتانی ئیسلامی، هەڵگری خاڵێکی گرنگە و ئەویش سەروەری یاسایە لەم وڵاتانە و ئەوەی کە دەزگای دادی وڵاتانی ئیسلامی بە بێهۆ حوکمێک دەرناکات، بەڵکوو حوکمەکانیان لە سەر بنەمای ماف و ڕاستییە.
کۆماری ئیسلامی ئێران نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە
سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامیی عێراق وتی: پەیامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران زۆر گرنگ بوو، لە بەر ئەوەی کە پەیامەکەی بەڕێزیان بەرامبەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی کە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی تێیدا ئەندامن، بووە، لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئەم هەڵسووکەوتە بە دوورە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئێمە باس لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکەین، ئەوان موسڵمانان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە یەکتر قبووڵ ناکەن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، بۆ نموونە، لە کۆماری ئیسلامی ئێران موسڵمان، مەسیحی، جولەکە و لایەنگرانی ئائین و مەزهەبەکانی دیکە لە ژێر ئاڵای ئیسلام و دادپەروەریدا ژیان بە سەر دەبەن، لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیش هەر وایە. کاتێک وڵاتی سوید بە هاووڵاتییەکی خۆی یان پەنابەرێک موڵەتی سووکایەتیکردن بە قورئان دەدات، نزیکەی دوو ملیار موسڵمان بڕوایان بەم کتێبە ئاسمانییە هەیە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەش کە موسڵمان نین ڕێز لە قورئان دەگرن، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە سێ لە سەر چواری دانیشتووانی جیهان دژی ئەم کردەوەن.
بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز ئازادی ڕادەربڕین نییە
شێخ خالید مەلا سەبارەت بە سوید و دانیمارک کە پاساوی ئازادی ڕادەربڕین بۆ ئەم تاوانانە دەهێننەوە، وتی: ئازادی ڕادەربڕین بە واتای دەسدرێژیکردن بۆ سەر بیر و بۆچوونی کەسانی دیکە نییە، ئەگەر لە سوید دەژیت و لە هەر یەک لە شوێنەکانی گواستنەوەی گشتی کێشەیەک بخوڵقێنیت بە دڵنیاییەوە پۆلیس ئێوە دەستگیر دەکات و ئەگەر بڵێی کە من ئازادم هەر کارێک دەکەم، پێت دەڵێن کە تۆ ئازادی بەڵام بە مەرجێک زیان بە کەسانی دیکە نەگەێنیت.
ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە دەدات
سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامیی عێراق وتی: بێگومان کە ئەم هەڵسووکەوتانە لە لایەن وڵاتانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت کە دەیانەوێت لە ناوچەکەی ئێمە ئاڵۆزی و شەڕ بخوڵقێنن تا بیانوویەک بۆ لێدان و زیانگەیاندن بەم وڵاتانە بدۆزنەوە. بابەتەکە هێندە سادە نییە و نابێت تەنیا وەک تاوانی کەسێکی نەزان و بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای وڵاتێک سەیر بکرێت، بەڵکوو گەورەتر لەمانەیە، لە پشتەوەی ئەمانەوە پیلانێکی گەورە لە دژی موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی داڕێژراوە./.