بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ یی کە دیسانەوە وەک وەزیری دەرەوەی چین دەستنیشان کراوە، یەکەم بەیاننامەی خۆیی لەم پۆستەدا بڵاو کردەوە و جەختی لە سەر پتەوکردنی هاوبەشییەکانی چین و دەستەبەرکردنی دەسەڵات و سەروەری ئەم وڵاتە کردەوە.
وانگ یی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو و پاش دیارنەمانی یەک مانگەی کین گانگ وەزیری دەرەوەی پێشوو، کە پرسیاری زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دوای خۆیدا هێنابوو، سەر لە نوێ وەک وەزیری دەرەوەی چین دەستنیشان کرایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە کە کێشەی تەندرووستی هۆکاری لادانی کین گانگ لەم پۆستەدا بووە.
وانگ یی لە بەیاننامەیەکدا وەک وەزیری دەرەوەی نوێی چین جەختیکردووەتەوە کە وەزارەتەکەی هەوڵی پتەوکردنی هاوبەشییەکانی چین لە گەڵ وڵاتانی دیکە دەدات و چالاکانە لە پێناو چاکسازی لە سیستەمی حکومڕانی جیهانی هەوڵ دەدات و بە هەموو هێزێکەوە بەرگری لە دەسەڵات و سەروەری، ئاسایش، گەشە و بەرژەوەندییەکانی چین دەکات.
کین گانگ لە کانوونی یەکەمی 2022 وەک وەزیری دەرەوەی چین دەستنیشان کرا بەڵام لە 25 ی حوزەیرانی 2023 هیچ دەرکەوتنێکی گشتیی نەما.
وانگ یی لە ساڵی 2013 تا 2022 وەزیری دەرەوەی چین بووە و پاشان وەک نوێنەری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی چین بۆ کاروباری دەرەوە دەستنیشان کرا./.