بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕۆژی شەممە لە وتارێکدا بە بۆنەی یادی عاشورا، وتی: حکومەتی سوید و وڵاتانی دیکەی جیهان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە سووکایەتی و بێڕێزی بە قورئان و پیرۆزییەکانی دیکەی موسڵمانان بابەتێکی قبووڵنەکراوە و پێداگری لە سەر دووبارەکردنەوەی لە دانیمارک بە پاڵپشتی پۆلیسی ئەو وڵاتە، دەسدرێژییە بۆ سەر ئیسلام و سووکایەتییە بە دوو ملیار موسڵمان لە جیهان.
ناوبراو وتی کە وڵاتانی ئیسلامی و وەزیرانی دەرەوەی ئەوان دەبێت لە بەرامبەر ئەم پیلانە هەنگاوی بەهێز هەڵبگرن.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی کە گەنجانی موسڵمان دەبێت بۆ بەرگری لە پیرۆزییەکانی خۆیان ڕاپەڕین بکەن.
رژێمی زایۆنیستی شێرپەنجەی ناوچەکەیە
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئەم ڕژێمە گەورەترین شێرپەنجەی ناوچەکەی ئێمەیە و دەبێت لە ناو ببرێت.
ناوبراو وتی: گەلی فەڵەستین ڕۆژانە شەهید دەدات و هەر ڕۆژ خەبات دەکات و ئەمەش مافی ئەوانە کە وڵاتانی جیهان پاڵپشتی لەوان بکەن.
ئاگربەستی کاتی بۆ کۆتایی هێنان بە گەمارۆی گەلی یەمەن چارەسەر نییە
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە شەڕی ئێمە، کەرامەت و چارەنووسی ئێمە لە ناوچەکەدا یەکێکە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: گەلی ئازیزی یەمەن بەردەوام بە هۆی گەمارۆوە لە ئێش و ئازاردایە و ئاگربەستی کاتی چارەسەری ئەم ئێش و ئازارە نییە.
ناوبراو وتی: ئەمە مافی گەلی یەمەنە کە کۆتایی بەم گەمارۆیە بهێندرێت و بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و لە سەر هەر کەسێکی ئازادیخوازی ناوچەکەشە کە بۆ کۆتایی هێنان بەم سزا و گەمارۆیە هەوڵ بدات.
هۆشداریی حزبوڵڵا بە ڕژێمی زایۆنیستی
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی کە لە سنورەکانی باشوری لوبنان لە گەڵ فەڵەستینی داگیرکراو، بەردەوام چەند ناوچەیەک لە ژێر داگیرکاری زایۆنیستەکاندایە و ناوچەیەکی نوێش داگیر کراوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: خۆڕاگری هیچ کات واز لە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی ناهێنێت و لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکار وەستاوە و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەکیش ئامادەیە.
ناوبراو وتی: ئێمە لە ڕۆژی عاشورا دووپات دەکەینەوە کە گەلێکین دەمانەوێت لە خاک و ئیمکانیاتی خۆمان بەرگری بکەین و ڕێگری لەوەش بکەین کە ئەم خاکە تاڵان و داگیر بکرێت./.