بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕاوێژکاری باڵای خۆیی بۆ وتووێژ لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە و ڕژێمی زایۆنیستی ناردووەتە ڕیاز.
ئاژانسەکە لە سەر زاری یەکێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە جیک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە و بن سەلمان سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی وتووێژیان کردووە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەم سەردانە ڕایگەیاندووە کە سالیوان پێنج شەممەی ڕابردوو گەیشتە جەدە و سەبارەت بە چەندین بابەت لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە بە تایبەت جێنشینی ئەم وڵاتە وتووێژی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی کۆشکی سپی، شەڕی یەمەن و کۆتایی هاتنی لە نێوان سعوودیە و بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکەی سالیوان و بن سەلمان بووە.
ئاژانسی فەرمی سعوودیە تەنیا باسی ئەوەیکردووە کە هەر دوو لا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئەمریکا و چۆنیەتی پتەوکردنی لە بوارە جیاجیاکان و هەروەها سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان وتووێژیان کردووە.
ئەسۆشێتدپرێس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات سعوودیە ڕازی بکات کۆتایی بە شەڕی یەمەن بێنێت، هەروەها کۆشکی سپی دەیەوێت بۆ گۆڕانکاری لە نرخی جیهانیی نەوت گوشار بخاتە سەر سعوودیە، ئەڵبەت ئەم هەوڵ و گوشارانەش تا ئێستا بەرهەمێکی نەبووە.
ئاژانسەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە پەیوەندی سعوودیە بە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وەک بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی عەرەبی، توانای گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت پێگەی تەل ئەبیب بەرەو گۆڕانکاری ببات بەڵام نێوەندگێڕی لە وەها ڕێکەوتنێکدا دژوارە لە بەر ئەوەی کە سعوودیە پێداگریی لە سەر کێشەی دەیان ساڵەی فەڵەستینییەکان کردووەتەوە و ئیسرائیل بە فەرمی ناناسێت.
ئەسۆشێتدپرێس ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی سالیوان لە پاش سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سعوودیە بووە کە ئامانجەکەشی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تەل ئەبیب بووە.
کۆی گشتی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکانی بلۆمبێرگ و ئەسۆشێتدپرێسدا هاتووە، گوزارشت لەوە دەکات کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی شکستی هێناوە./.