بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماجد محەممەد ئەنساری ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ئەم وڵاتە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ناوەکی ئێران بەردەوامە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی محەممەد بن جاسم ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە گەڵ جێمز کلۆرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وتی کە ئەو کۆبوونەوە دەرفەتێکە بۆ بەردەوامی هەوڵەکانی قەتەر لە پێناو گێڕانی ڕۆڵی ئەرێنی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە بوارە جیاجیاکان.
ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێرانیش وتی کە هەوڵەکانی قەتەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە لە ڕێگای خستنەڕووی پێشنیارەکان و ئاسانکاری بۆ کۆبوونەوەکان لە نێوان بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئێرانی بەردەوامە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر وتی: گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئەستەمە و دەوحە هەوڵ دەدات بابەتێکی گەورە بە سەر چەندین دۆسیەدا دابەش بکات تا بە جیا تاوتوێ بکرێت.
ماجی محەممەد ئەنساری وتی کە هاوکات لە گەڵ قەتەر، هەوڵ و دەستپێشخەری دیکە هەیە کە هەندێکی تەواوکەری یەکتر و یارمەتیدەری چارەسەرکردنی دۆسیەی ناوەکی ئێران دەبن./.