بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە زۆربەی دۆسیەکاندا ڕاستەوخۆ شەڕی ئەم وڵاتە دەکات.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بەردەوام لە عێراق قەیران دەخوڵقێنێت و زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕوبەڕوی وڵاتی ئێمە بوونەتەوە، بۆ ئەو پیلانانەی ئەمریکا و لایەنەکانی سەر بەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کە ماوە ماوە بە ناو و ناونیشانێکی جیاوازەوە جێبەجێی دەکەن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: کێشەی کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە و بە بانگەشەی میدیاییش هەوڵ دەدات ڕای گشتی عێراق لەم ڕاستییانەدا بەلاڕێدا ببات.
محەممەد کەریم وتی: ئەمریکا هەوڵ دەدات بڕیارەکانی بەغدا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بێت.
وتیشی کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە هەندێک بابەتی نەشیاو، هەوڵی گۆڕینی کەلتور و داب و نەریتی عێراقییەکان دەدات./.