بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر سەلوان مۆمیکا وەک سیخوڕێکی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی بەم شێوازەیە:
وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆمان بە بۆنەی ڕۆژانی تازیەباریی گەورەی شەهیدان حەزرەتی ئیمام حوسێن (ع) و بنەماڵەی پاک و هاوڕێ وەفادارەکانی، دوا بە دوای ڕاگەێندراوی پێشوو سەبارەت بە پەیوەندی دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ سەلوان مۆمیکا، ئەو کەسەی کە لە وڵاتی سوید بێڕێزیی بە قورئانی پیرۆز کردووە، زانیاری تەواو دەخرێتەڕوو.
1 – بە پێی بەڵگەکان، ئەم کەسە ناپاکە، لە ساڵی 2014 حیزبێکی بە ناوی ” یەکێتی دیمۆکراتیکی سریانی ” لە عێراق دامەزراندووە و بانگەشەی ئەوەیکردووە کە نوێنەری سەرەکی و دەنگی مەسیحییەکانی باکوری ڕۆژئاوای عێراقە! بەڵام ئامانجە دژە نیشتمانییەکان و جموجوڵە گوماناوییەکانی ناوبراو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەردەوامی چالاکییە حیزبییەکانی زیاتر ڕوبەڕوی پرسیار دەکردەوە و ئەمەش وایکرد کە لە کۆمەڵگای عێراق گومان و هەستیارییەکی زیاتری بەرامبەر بە چالاکییەکانی درووست کرد و توانای بەردەوامیدان بە چالاکییەکانیشی لەم وڵاتەدا نەما.
2 – ئەو زانیارییانەی کە لە زایۆنیستەکانەوە بە دەست هاتووە، پیشان دەدات کە سەلوان مۆمیکا لە چەند وڵاتی ئەورووپییەوە داوای مافی مانەوەی کردووە کە وەڵامێکی نەگرتووە، هەر بۆیە هەوڵی نزیکبوونەوە و پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی داگیرکاری قودس دەدات. ناوبراو بۆ سەلماندنی وەفاداری و کارامەیی خۆی بۆ دەزگای سیخوڕیی زایۆنیستەکان، کارنامەیەکی خۆی پێشکەش دەکات. هەروەها بانگەشەی ئەوەشیکردووە کە لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگری ئیسلامی عێراق بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ ئەو ڕژێمە و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی حکومەتی سەربەخۆی مەسیحییەکان لە پارێزگای نەینەوا، ماوەیەک دەستبەسەر بووە.
3 – مۆمیکا بۆ سەلماندنی وەفاداریی بە ڕژێمی زایۆنیستی، چەند وێنەیەکی خۆی بە کڵاوی تایبەتی جولەکەکان بڵاو کردووەتەوە و وێنەیەکیش لە ئاڵای ڕژێمی تەزویری زایۆنیستی لە یەکێک لە کەنیسەکانی عێراق و لە تەنیشت ئاڵای یەکێتی دیمۆکراتیکی سریانی هەڵدەکات و وێنەکانیش بۆ زایۆنیستەکان دەنێرێت.
4 – دەزگای سیخوڕیی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 2019 بە فەرمی ئەو دەکاتە ئەندامی خۆی و کەسێکیش وەک ڕێکخەری پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دیاری دەکرێت. سیخوڕیکردن لە بارەگا و سەرکردەکانی گرووپەکانی خۆڕاگریی ئیسلامی عێراق بە تایبەت لە پارێزگای نەینەوا لە ڕیزی ئەرک و ڕاسپاردەکانی ئەودا بووە.
5 – مۆمیکا پاش خزمەتێکی زۆر بە دەزگای سیخوڕیی ڕژێمی زایۆنیستی، داوای گواستنەوەی بۆ وڵاتێکی ئەورووپی دەکات. ئەو ڕژێمەش بە خوێندنەوەی ئەوەی کە مۆمیکا لە بەرامبەر مافی مانەوە پەنا بۆ هەر کارێک دەبات، مافی مانەوە و پاشان هاووڵاتیبوونی سویدی بەو بەخشیوە.
6 – وەک چۆن کە لە ڕاگەێندراوی پێشووی ئەم وەزارەتەدا ئاماژەی پێدرا، هاوکاتبوونی پرۆژەی تاوانبارانەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە لایەن سەلوان مۆمیکا لە سوید و تاوانە گەورەکەی زایۆنیستەکان لە کەرتی خۆرئاوا و جنینی زوڵملێکراو و هەروەها دۆخی قەیراناوی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، پیشان دەدات کە پرۆژەکەی مۆمیکا ڕاسپاردەی زایۆنیستەکانە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی موسڵمانان لەو تاوانە دڕندانەیە. بەڵام دیوی دیکەی ئەم ڕووداوە تاڵە، ئەزموون و دژایەتیکردنی ئیسلامە لە لایەن حکومەتی سویدەوە کە بە کردەوە خۆیی خستووەتە بەرامبەر بیر و بڕوای پاک و پیرۆزی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمانی جیهان.
بە دڵنیاییەوە کە توڕەیی پیرۆزی سەدان ملیۆن موسڵمانی بڕواداری جیهان، ئاسەواری زیاتر لە پاداشتە خوێناوییەکەی زایۆنیسمی جیهانی بۆ پاشایەتی سوید بە جێ دێڵێت. هەروەها دیمەنێکی دیکەی ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستی وەک بەرپرسی سەرەکی تاوانی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز دەخاتەڕوو./.