بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فارس ئەحمەد نووسەر و ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی ڕایگەیاندووە کە ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو پەرەسەندنی زیاتر دەڕوات و جەختیکردەوە کە ئامانجی زایۆنیستە ناڕازییەکان، ڕووخانی کابینەکەی ڕژێمی زایۆنیستییە بە گشتی، نەک تەنیا سەرۆک وەزیران.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات زیاترین کەس لە سەر شەقامەکان کۆبکاتەوە تا ئەوان لە دژی کابینەکەی نتانیاهۆ یەک دەنگ بکات و ئەو کابینەیە بڕووخێت.
ئەو نووسەرە فەڵەستینییە ڕایگەیاندووە کە خێرایی ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەبێت. بیرۆکەی سەرەکی لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە ڕەتکردنەوەی هەموارە دادوەرییەکان بوو بەڵام ئێستا ئەوان داوای نەمانی کابینەکەی نتانیاهۆ دەکەن.
فارس ئەحمەد بە ئاماژە بە سەردانەکەی ئێسحاق هرتزۆگ سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئەمریکا بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئێستای ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، ڕایگەیاند کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا داوای لە ناوبراو کرد سەردانی واشنتن بکات بەڵام سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ دواخراوە.
ماجد نیعمە توێژەری سیاسی فەڵەستینی بە هەمان شێوە لە سەر ئەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە ئەوەی لە ڕژێمی زایۆنیستیدا دەگوزەرێت، کەلێنێکی کۆمەڵایەتییە لە ناو جولەکەکاندا و سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان و ناکۆکییەکانی ئێستای ناوخۆی ئەم ڕژێمە، ئەوان لە دژی فەڵەستینییەکان و عەرەبەکان یەکدەنگن.
ناوبراو پێی وایە کە ئەمریکا کارتی زۆری بۆ سەپاندنی گوشار لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی هەیە. هەر بۆیە ئەگەری ئەوەش هەیە کە ڕێکەوتنەکانی کابینەی نتانیاهۆ هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنەکان دیسانەوە بەڕێوە ببرێت.
ئەو توێژەرە سیاسییە ڕایگەیاندووە کە نتانیاهۆ بە پێچەوانەی خواستی خۆی و بە ناچار ئەم کابینەی بەم شێوازە پێکهێناوە، لە بەر ئەوەی کە تەنیا ئامانجی ئەوەی هەبوو خۆی لە یاسا و زیندانیکردن بدزێتەوە، لە کاتێکدا کە دۆسیەی زۆر لە دژی هەیە و بۆ ئەمەش ڕووی هێناوەتە هەموارکردنی یاسا و سیستەمی دادوەری.
ماجد نیعمە ڕایگەیاندووە کە لە ناوخۆی کابینەکەی نتانیاهۆش کێشەی زۆر هەیە و توانای بڕیاردانی بە هۆی بوونی چەند لایەنێکەوە نییە.
دکتۆر ئەمال وەهدان چالاکوانی فەڵەستینیش ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا دەیەوێت ئامانجە سیاسییەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکات بەڵام ناتوانێت لە ڕێگای کابینە توندڕەوەکەی نتانیاهۆوە بە ئامانجەکانی بگات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر واشنتن گوشارەکانی بۆ هەڵپەساردن و ڕاگرتنی هەموارە دادوەرییەکان چڕ بکاتەوە، حکومەتەکەی نتانیاهۆ بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە./.