بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موقتەدا سەدر جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ئەمریکا و ئلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا و وتی کە ئەمریکا تەنیا بانگەشەی دیمۆکراسی دەکات.
سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە وڵاتێکی خاوەن دیمۆکراسییە و دیمۆکراسیش بە واتای گەڕانەوەیە بۆ دەنگی زۆرینەی خەڵک، بەڵام جۆبایدن هیچ گرنگییەکی بە خەڵک و دەنگی ئەوان نەدا.
ناوبراو ڕایگەیاند: بایدن وەک سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا هەڵسووکەوتی کرد کە عێراقیان داگیر کردبوو، لەو کاتەدا زۆربەی خەڵکی ئەمریکا دژی داگیرکردنی عێراق و بە گشتی دژی داگیرکاری بوون، هەر بۆیە ئەمریکا دوژمنی دیمۆکراسی و ئیسلامە لە بەر ئەوەی کە وڵاتێکی داگیرکارە.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر باڵیۆزی ئەمریکای لە بەغدا بە نەزانێک ناو برد کە تەنیا دەخوات و دەگەڕێت و ڕایگەیاند کە ئەمریکا و باڵیۆزەکەی تەنیا شەڕ و خەراپەیان بۆ عێراق دەوێت و هەوڵ دەدات عێراق ببێتە شوێنکەوتووی ئەمریکا و ببێتە وڵاتی هاوڕەگەزخوازەکان./.