بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرۆسەی چاندنی قژ ڕێکارێکی پزیشکی و جوانکارییە کە لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە لە ناو سەنتەری پزیشکیدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام پرسیارەکە سەبارەت بە زیانەکانی چاندنی قژ هەمیشە لە مێشکی ئەو کەسانەدا دەمێنێتەوە کە ڕەنگە بیانەوێت قژیان بڕوێننەوە.
چاندنی قژ سوودی هەیە و وەک چارەسەر دادەنرێت بۆ:
1 – ئەو کەسانەی بە دەست ڕووتانەوەی قژیان دەناڵێنن، بەشە تەنکبووەکەی قژ پڕ دەکاتەوە.
2 – چارەسەری هەڵوەرینی قژ دەکات.
بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش، چاندنی قژ لە پاڵ سوودەکانی زیانیشی هەیە کە بریتین لە:
1 – خوران: کاردانەوەیەکی سرووشتییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جەستە دەستی بە وەڵامدانەوە کردووە، بەڵام گرنگە بە هیچ شێوەیەک نەیخورێنی لە بەر ئەوەی کە زیان بە پێستی سەرت دەگەێنێت.
2 – ئاوسان: یەکێکە لە کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان، بەو مانایەی کە پێستی سەر دەستی بە چاکبوونەوە کردووە.
3 برین: زۆر جار پێستی سەر تووشی برین دەبێت.
4 – پەڵە: ڕەنگە هەندێک پەڵە لە سەر پێستی سەر دەربکەوێت یان هەندێک جار توند و ئازاربەخش بن و ڕەنگیان سوور بێت.
5 – درووستبوونی هەستیاری لە نزیک چاو.
بۆ ئەم مەبەستەش پزیشکان کۆمەڵێک ئامۆژگاری دەخەنە ڕوو بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی چاندنی قژ.
پێش نەشتەرگەریی چاندنی قژ بە پزیشک بڵێ سەبارەت بە هەر دەرمانێک کە بە کاریدەهێنیت نەک هەستیاریت پێی هەبێت.
خواردنی دەرمانی دژە هەوکردن یان دەرمانی ئازارشکێن کە پزیشک دوای پرۆسەی چاندنی قژ بۆت دەنووسێت.
باشتر وایە چەند هەفتەیەک پێش نەشتەرگەری هیچ جۆرە دەرمانێک نەخۆیت یان جگەرە نەکێشیت.
چوون بۆ ناوەندێکی پزیشکی موڵەتپێدراو و تایبەتمەند دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە کێشەکانی وەک هەوکردن یان بەکارهێنانی ئامێری پیس و ناتەندرووست./.