بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نافز عیزام لە سەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، وتی: هەمووان لە هێز و کاریگەری خۆڕاگری تێگەیشتوون و ڕژێمی زایۆنیستی چیدی ناتوانێت ئەوەی کە دەیەوێت جێبەجێی بکات، ئەم ڕژێمە هەوڵیداوە بچێتە کەمپێکی بچووکەوە کە ڕوبەرەکەی کەمتر لە نیو کیلۆمەترە بەڵام لەوەشدا شکستی هێنا.
شەڕێکی بەردەوام لە دژی زایۆنیستەکان
عیزام وتی: شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی، شەڕێکی بێسنور و بەردەوامە، ئەم ڕژێمە نایەوێت لە هیچ شوێنێکی فەڵەستین خۆڕاگری هەبێت، بەم هۆیەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوو هێرشی کردە سەر غەززە بەڵام لە شەڕی تۆڵەی ئازادیخوازەکان گەلی ئێمە سەرجەم ستراتیژە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان تووشی شکست کردەوە.
جنین نموونەی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا
ئەو سەرکردەی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: لە کەرتی خۆرئاوا دۆخەکە زۆر باشە و جنین بووەتە نموونەی خۆڕاگری و بەم هۆیەوە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە هێرشەکەی سەر جنین هەوڵیدەدا زیاترین ئەندامی بزوتنەوەکانی فەڵەستین لە جنین شەهید بکات بەڵام پیلانەکەی بە هۆی ئازایەتی گەلی فەڵەستینەوە شکستی هێنا و خەڵک بە هەموو هێزێکەوە پاڵپشتییان لە خۆڕاگری کرد.
هێرشی داگیرکاران بۆ سەر جنین زیانی بە ورەی گەلی خۆڕاگری فەڵەستین نەگەیاند
نافز عیزام پرۆژەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی بە بەردەوامیدان بە خۆڕاگری ناو برد و وتی: تەنانەت لەو کاتانەش کە دانیشتووانی جیهان وایاندەزانی خۆڕاگری فەڵەستین کۆتایی هاتووە و خەڵکی فەڵەستین دەبێت داواکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی قبووڵ بکەن، جیهادی ئیسلامی درێژەی بە خۆڕاگری دا و کاتێک هەمووان باسیان لە کۆتایی هاتنی فەڵەستین دەکرد، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی ئەوەی سەلماند کە خۆڕاگری بژاردەیەکی ستراتیژییە و ئامانجی گەلی فەڵەستین لەناو ناچێت. بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە سەر ئەم بنەمایە جەختیکردووەتەوە کە ئەم خۆڕاگرییە وەک درووشمێک بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، خۆڕاگری لە پێناو مسۆگەربوون و بەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین. ئێمە تەنیا بەرگری لە مافەکانی خۆمان دەکەین و دەسدرێژی ناکەینە سەر کەسی دیکە، بەڵکوو ئەوە کەسانی دیکەن کە دەسدرێژی دەکەنە سەر ئێمە، بە شارەکان، گوندەکان و کەمپەکانی ئێمە، ئەوان هێرش دەکەن و باوک و باپیرانی ئێمەیان چەندین دەیەی ڕابردوو ئاوارە کرد.
ناوبراو وتی: ئێمە شتێکمان ناوێت و تەنیا خاک و بەرژەوەندی گەلەکەمان گرنگە و بەرگری لەمەش دەکەین تا گەلێکی یەکگرتوومان لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی هەبێت.
یەکڕیزی خۆڕاگری لە غەززە و کەرتی خۆرئاوا
عیزام بە ئاماژە بە یەکڕیزی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین وتی: خۆڕاگری یەک بەرەیە و ئێمە وەک جیهادی ئیسلامی پاڵپشتی لەم یەکڕیزییە دەکەین و ئامانجی ئێمە هاوکاری، هاوئاهەنگی و لێک تێگەیشتنی نێوان چین و توێژەکانی خەڵکە. کەرتی خۆرئاوا لە ساڵانی ڕابردوو لە ژێر گەمارۆ و گوشار و زوڵمدا بووە بەڵام ئێستا ورە و پێگەی زۆی زیندوو دەکاتەوە. کەرتی خۆرئاوا سەرەڕای گوشار و زوڵم و گەمارۆ وەک سەنتەری سەرەکی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی ماوەتەوە و ئەرک و ڕاسپاردەی نیشتمانیی خۆی جێبەجێ دەکات و ئێستا بۆ زیندووکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەوڵ دەدات.
بە وتەی عیزام، نابێت لە قارەمانییەکانی جنین، کەتیبەکانی جنین و هێزەکانی خۆڕاگری لە نابلۆس و عەرین ئەسوەد تووشی سەرسوڕمان بین، بەڵکوو ئەمە ئاساییە بە هۆی ئەوەی کە خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا هەمیشە بە ورە و زیندوو بووە و بە یارمەتی خودا زیندووە.
جیهادی ئیسلامی بەردەوام هەوڵی بەهێزبوون دەدات
ئەو سەرکردەی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین جەختیکردەوە کە بزوتنەوەکە بەردەوام هەوڵی بەهێزبوون دەدات و وتی: 10 یان 11 مانگی پێش ئێستا ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی خۆڕاگری نەک لە کەتیبەکانی قودس بەڵکوو لە نێو خەڵکی فەڵەستیندا شەهید کران، وەک خالید مەنسور، بەها ئەبوعەتا و شەهیدانی دیکە، سەرەڕای ئەمەش جیهادی ئیسلامی درێژەی بە ڕێگاکەی خۆی داوە و هیچ کات پاشەکشەی لە هەڵوێستەکانی نەکردووە.
ناوبراو وتی: کەتیبەکانی قودس سەرەڕای لەدەستدانی شەش فەرماندەی گەورە، بە یەکگرتوویی ماوەتەوە و جیهانی بە کردەوەکانی خۆی سەرسام کردووە و لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 5 ڕۆژدا تووشی شکست بکاتەوە. بەڵێ، ئێمە سەرکردە و فەرماندەی گەورەمان لە دەست داوە، بێگومان ئەوانەی کە شەهید دەبن، پشتیوانی خۆڕاگری و کۆڵەکەی کەتیبەکانی قودس و جیهادی ئیسلامین بەڵام ئەم ڕێبازە بە یارەمەتی خودای گەورە بەردەوام دەبێت.
نافیز عیزام لە کۆتاییدا وتی: ڕۆژگارێک دامەزرێنەر و ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی، دکتۆر فەتحی شەقاقی مان لە دەستدا بەڵام بزوتنەوەکە درێژەی پێدرا و تەنانەت بەهێزیش بووە، ئێمە بەردەوام لەو بڕوایەداین کە خودای گەورە پشت و پەنای پرۆژەی پیرۆزی فەڵەستینە و ئیرادەی خودای گەورە بەهێزترە لە هەر بەربەست و کێشەیەک./.