بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەونەکانی ئیمپراتۆریی تورکیا لە گەڵ لێکدانەوە ستراتیژی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هاوکات لە گەڵ سەرکەوتنەکەی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەکان و بە دەسەڵات گەیشتنەوەی یەکیان گرتووەتەوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لای ڕووسیا بە شاراوەیی نەماوەتەوە.
پێگەی کەناڵی المیادین ی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی ” ئایا کاتی لێکترازان لە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا گەیشتووە؟ ” ڕایگەیاندووە کە پاش دەرکەوتنی هێماکانی هەڵوەشانەوەی شێوازی پێشووی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا، دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ئەم پەیوەندییانە لە کاتی دامەزراندنی هەر دوو وڵاتەوە لە گۆڕەپانی جیهانی، شێوازی پێکەوەبوون و شەڕی خوێناویی بە خۆوە بینیوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕووسیا و تورکیا بە هۆی گۆڕانکارییە گەورەکان لە ڕێگای بازرگانیی جیهانی کە تێیدا ئیمتیازی تایبەتی لە ڕێگای ئاورێشم دەدایە هەر دوو وڵات، پێکەوە هاوکات پێگەیان لە سەر ئاستی جیهانی بەرز کرایەوە. لەم نێوەندەدا، هەر دوو لا شەڕ و پێکدادان و لێک تێگەیشتنیان سەبارەت بە دوورگەی کریمیا هەبوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی لێک تێگەیشتنی نێوان ئەم دوو وڵاتە، تێکەڵاویی بەشێکی زۆر لە هۆکارە نەتەوەیی و تائیفییەکان لە گەڵ ڕووستا لە سەردەمی ئاڵتوونیی هۆزەکانی مەغول لە ناوچەیەکی بەربڵاوی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەم وڵاتەدا بوو.
بەدەر لە شەڕە نێودەوڵەتییەکان کە زیاترین پشکی لە ئیش و کاری مێژوونووسان لەم بەشەی جیهان هەبووە، چەندین وێستگەی جیاجیاش هەبووە کە بە وتەی زۆربەی توێژەران، هۆکارێکی گرنگی مانەوەی وڵاتی تورکیا بووە، بۆ نموونە، ئەوەی کە ڕووسیا دوو جار تورکیای لە مەترسی لەناوچوون ڕزگار کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکەم جار لە پاش ئەوە بوو کە محەممەد عەلی دەسەڵاتدارە بەهێزەکەی میسر، لە ماوەی ساڵانی دەیەی سی لە سەدەی نۆزدەیەم هێرشی کردە سەر وڵاتی شام و سوپای عوسمانیی تووشی شکست کردەوە و ئیستەنبووڵی گەمارۆ دا تا لەم ڕێگایەوە ناوەندی ئیسلامی بۆ قاهیرە بگوازێتەوە و بگاتە ئامانجی هەبوونی ئیمپراتۆریەتی عەرەبی – ئیسلامی و میسری لە جێی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
بەڵام بەریتانیا بە هاوکاری ئیمپراتۆریەتی نەمسا – هەنگاریا و ڕووسیای تزاری بە هاوکاری ڕوچیڵدەکان و سندۆقەکانی جولەکە کۆنفرانسێکی لە لەندەن بەڕێوە برد تا لەشکرکێشییەکی دەریایی ئەورووپی کە سوپای میسر ناچار بە هەڵگرتنی گەمارۆی ئیستەنبووڵ، کشانەوە لە شام و گەڕانەوەی بۆ عوسمانی بکات، دابین بکات. بابەتێک کە بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی دەریایی ڕووسیا لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە مسۆگەر کرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە مستەفا کەمال ئەتاتۆرک لە پاش شۆڕشی سۆسیالیستی تشرینی یەکەم کە لە ژێر ڕێنمایی لنین جێبەجێ کرا، هاوپەیمانێکی بەدەر لە ڕووسیا بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکانی نەدۆزییەوە. لنین بڕیاریدا بە چەک و ڕاوێژکارانی سەربازی خۆی پاڵپشتی لە تورکیا بکات. ئەم هاوکارییەی لنین بووە هۆی سەرکەوتنی ئەتاتۆرک لە بەرامبەر بەریتانیا و یۆنان.
لە سەردەمی هاوچەرخدا پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا هاوشێوەی ئەوەی سەردەمی لنین و ئەتاتۆرک نەبوو، لە بەر ئەوەی کە مردنەکەی بووە هۆی دابەشبوونی پارتی گەلی ئەتاتۆرک و شکستی لە هەڵبژاردنەکان و بە دەسەڵات گەیشتنی پارتی دیمۆکرات بە سەرۆکایەتی عەدنان موندەریس.
ڕاپۆرتەکەی المیادین بە ئاماژە بە چەندین قۆناغی دیکەی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا، ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە پوتین و ئەردۆغان بە باشی لەوە تێدەگەن کە ئاوی زۆر ڕژاوە و ڕۆژێک سەرڕێژ دەبێت. تورکیا بەدەر لەوەی چ ڕێوشوێن و سیاسەتێک بگرێتەبەر، ناتوانێت واز لەوە بێنێت کە ئەندامێکی ڕێکخراوی ناتۆیە و بەم هۆیەوە لە چاوەڕوانی دەسکەوتی زیاتر و ڕەنگە ئەندامبوونە لە یەکێتی ئەورووپا.
ئەوەی کە تورکیا لە شەڕی ئۆکراینا بە چەندین شێواز هاوکاری زیلینسکی کردووە و وەک دژایەتییەکی ئاشکرای ڕووسیا بووە، بۆ دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ جێی سەرسوڕمان بووە. ئەڵبەت ڕووسیا لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا ئەوەش دەزانێت کە پەیوەندیی بە وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ بە هەموو پابەندبوون و بەڵێنەکانییەوە هەیە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەڵگەڕانەوەی ئاشکرای ئەردۆغان بەرەو ڕۆژئاوا، دەسکەوتی باشتری بەراورد بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا نابێت و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە بوونی پەیوەندی لە گەڵ ڕۆژهەڵات، سوودی باشتری بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە دەبێت./.