بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشی کۆنی شاری شیراز بە ڕوبەری 357 هێکتار وەک یەکێک لە پڕبایەخترین بەشەکانی نیشتەجێبوونی ئێران دەناسرێت. ئەم بەشەش تێکەڵاوێکی دەگمەنە لە کۆڵانە کۆنەکان، خانووەکان و بیناکانی کۆن کە سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتیی تێدا هەیە.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی تۆمارکردنی ئاسەوارە مێژوویی و کەلتورییەکانی وەزارەتی میراتی کەلتوری ئێران لە سەر دۆسیەی تۆمارکردنی بەشی کۆنی شاری شیراز لە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئێراندا کۆبووە و لە ئاکامدا ئەو بەشەی شاری شیراز لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی وڵاتی ئێران بە فەرمی تۆمار کرا.
پاراستنی بەشی کۆنی شاری شیراز بەردەوام وەک داوایەکی لایەنگرانی میراتی کەلتوری جێی گرنگی و بایەخ بووە و چالاکوانان و دۆستانی میراتی کەلتوری ساڵانێکە بەدواداچوون بۆ تۆمارکردنی ئەم بەشە لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا دەکەن. لە ساڵانی ڕابردوو هەندێک پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لەم بەشەی شاری شیراز بووە جێی نیگەرانی و لە ساڵی 2010 پرۆژەیەک پەسەند کرا بەڵام ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی ئەوەی جێبەجێ نەکرێت. هەندێک کات چالاکوانانی بواری میراتی کەلتوری دژ بە هەر پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە بەشی کۆنی شاری شیراز، سکاڵایان دەبردە دەزگای دادی ئێران.
ئەم بابەتە لە ساڵانی دواتریشدا بووە بابەتێکی گەرمی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. نیگەرانییەکان بەردەوام بوون تا ئەوەی کە لە ئاکامدا ئەم بەشە گرنگ و پڕ بایەخەی شاری مێژوویی شیراز لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی وڵاتی ئێران بە فەرمی تۆمار کرا./.