بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی کە ئەمساڵ بۆ چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) 500 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە دەچنە شارە پیرۆزەکانی عێراق.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وتی کە هەر دوو لا سەبارەت بە پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی سنوریی حاجی ئۆمەران گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
ئومێد خۆشناو وتی کە هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی پێشکەش دەکات.
وتیشی کە چەندین کۆبوونەوە لە نێوان وەزیرانی ناوخۆی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و داواکراوە کە دەروازەیەکی نوێی سنوری لە ناوچەی سیدەکان بکرێتەوە./.