بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێران لە نوێترین ئامارەکانی ڕێکخراوی ئۆپێکدا بە 208 ملیار و 600 ملیۆن بەرمیل، خاوەنی سێهەم گەورەترین یەدەکی نەوتی جیهان لە ساڵی ڕابردوو بووە.
یەدەکی نەوتی ئێران لە ساڵانی 2019 تا 2022 هیچ گۆڕانکارییەکی نەبووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەکە لە ساڵی 2018 بەرامبەر بە 155 ملیار و 600 ملیۆن بەرمیل بووە. بە واتایەکی دیکە لە ساڵانی دواتر 53 ملیار بەرمیل بەرز بووەتەوە.
ئامارەکانی ئۆپێک پیشان دەدات کە ئێران لە ڕووی یەدەکی نەوتەوە لە ئاستی جیهاندا پلەی سێهەمی هەیە. ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەکی نەوتە و 303 ملیار و 221 ملیۆن بەرمیل نەوتی سەلمێندراوی هەیە.
سعوودیە بە 267 ملیار و 192 ملیۆن بەرمیل نەوت لە پلەی دووەمدایە کە بەراورد بە ساڵی پێشووی هیچ گۆڕانکارییەکی نەبووە.
یەدەکی سەلمێندراوی نەوتی ئۆپێک لە ساڵی 2022 بەرامبەر بە یەک ملیار و 704 ملیۆن بەرمیل بووە. ساڵی 2021 یش ئەم ڕێژەیە یەک ملیار و 243 ملیۆن و 523 بەرمیل بووە.
کۆی گشتی یەدەکی نەوتی جیهان لە کۆتایی ساڵی 2022 بە یەک ملیار و 564 ملیۆن و 441 بەرمیل خەمڵێندراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشووی لە سەدا 1.1 بەرزبوونەوەی هەبووە.
یەدەکی نەوتی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهانیش بەم شێوازە بووە: ئەمریکا 55.25 ملیار بەرمیل، برازیل 13.242 ملیار بەرمیل، کۆماری ئازەربایجان 7 ملیار بەرمیل، ڕووسیا 80 ملیار بەرمیل، نەرویج 7.57 ملیار بەرمیل، کوێت 101.5 ملیار بەرمیل، ئیمارات 113 ملیار بەرمیل، قەتەر 25.24 ملیار بەرمیل، چین 55.25 ملیار بەرمیل و لیبیا 48.36 ملیار بەرمیل./.