بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش دووبارەکردنەوەی بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز، توبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید ئەمڕۆ هەینی بە تەلەفوون لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتووێژی کرد.
وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند کە حکومەتی ئەم وڵاتە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، کتێبی ئاسمانی موسڵمانان، ئیدانە دەکات.
ناوبراو وتی: سەرۆک وەزیران و بەیاننامەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی سوید بە ڕاشکاوانە ئەم کارەیان ئیدانە کردووە.
بیلسترۆم وتی کە حکومەتی سوید موڵەتی گردبوونەوەکان دەردەکات و هیچ کەس بۆ سووکایەتیکردن بە قورئانی موسڵمانان موڵەتی نەداوە و ئەو کەسەش موڵەتەکەی خەراپە بەکار هێناوە و ئیدانەی دەکەین.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وتی کە بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز و کتێب و پیرۆزییەکانی ئائینەکانی دیکە لە هەر کوێ، لە لایەن هەر کەسێکەوە و لە هەر هەلومەرجێکدا ئیدانە دەکرێت و دووبارەکردنەوەی ئەم کردەوانە بە بیانووی ئازادی ڕادەربڕین پاساوێکی نییە و قبووڵکراو نابێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: لە کاتێکدا سوید بانگەشەی پێشەنگبوون لە بواری مافی مرۆڤ دەکات، چۆن دەتوانێت لە کەمتر لە 10 ڕۆژ پاش پەسەندکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئیدانەکردنی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئائینییەکان، بەم جۆرە لە بەرامبەر تاوانەکەی سەلوان مۆمیکا کەمتەرخەم بێت.
ناوبراو وتی کە ئەو کەسەی بێڕێزیی بە قورئانی پیرۆز کردووە، دەبێت دەستگیر و دادگایی بکرێت، بە پێچەوانەی ئەمەش سوید دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری وڵاتانی ئیسلامی بێت./.