جام کوردی ـــ لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی ماڵ لەدەستدانی چەندین بانک لە وڵاتی ئەمریکا، سیستەمی بانکی ئەو وڵاتە تووشی قەیرانێکی درێژخایەن بووە و کارناسانی ئەو بوارە دەڵێن ئەو ڕووداوە درێژەی هەیە
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی له هەواڵنێری ئابووری نێونەتەوەیی و ڕاگەیاندنی CNBC چەند مانگ لەمەوپێش سیستەمی ئەمریکا تووشی قەیران بووە و چەندین بانکی گەورە و بچووک لەو وڵاتەدا ماڵ و سامانی لەدەست داوە و بەرەو مایەپووچبوون دەڕۆن.
کارناسان دەڵێن: قەیران لە دۆزەنەی بانکی ئەو وڵاتەدا بەردەوام درێژەی هەیە و بەم زوویانە کۆتایی نایات و زۆری ماوە تا گەیشتن بە دۆخێکی ئاسایی.
چەندین کارناس، ڕاوێژکار و سەرمایەداری ئەمریکا ڕایانگەیاندوون کە زیادبوونی ڕادەی سوو لە لایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بە مەبەستی کونتڕۆڵی ئاوسانی ئابووری ئەنجام ئەبێت هاوکات لەگەڵ زەرەری پەیوەندار لەگەڵ کەمبوونەوەی نرخی ماڵ و مڵکی بانکەکان و هەروەها زیادبوونی چاودێڕی و پشکنینەکان ئەوا دەبێتە هۆی گوشار خستنەسەر بانکە ناوچەییەکان و تەنانەت بانکە گەورەکانیش و لە ئاکامدا ڕووبەڕووی شەپۆلی تێکەڵ بوونی بانکەکان دەبینەوە.
کارناسەکان ئاگاداریان کردووین کە زۆربەی لە 4672 بانکی ناوچەیی و مامناوەندی ئەمریکی لە درێژەی چەن ساڵی داهاتوودا و ژێر گوشاری بازاڕ و یاسا و ڕێساکانی باڵادەست و لەسەر مەژبووری دەچنە ژێر ڕکیفی گەورە بانکەکان، بە واتایەکی دیکە گەورە بانکەکان دەبنە خاوەنی بانکە بچووکەکان.
بە وتەی یەکێک لە پلە و پایەدارەکانی بانکێکی گەورەی ئەمریکی کە نەیویستووە نێوی ئاشکرا بێت، دەڵێت: تاماوەیەکی دیکە دەبینین کە چۆن بانکە بچووکەکانی ئەمریکا لەبەر مەژبووری و بە هۆی گەورەوە بوون پێکەوە تێکەڵ دەبن. ئێمە تەنیا وڵاتێکین لە هەموو جیهاندا کەوا ئەو هەموو هەژمارە بانکەمان هەیە.