بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حازم ئەلباوی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی سەبارەت بە کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە سەردانەکەی محەممەد شیاع سودانی بۆ دیمەشق و ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی نەوت و گاز لە گەڵ ئێران هۆشداریی دا.
ناوبراو وتی: پاش ئەوەی کە حکومەت سەرکەوتووانە پیلانی ئەمریکای لە کەرتی کارەبادا پووچەڵ کردەوە و ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی نەوتی عێراق و گازی ئێران واژۆ کرا، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی دیمەشقی کرد و ئاشکرایە کە کۆبوونەوە و دانوستانەکانی لە گەڵ سەرۆک کۆماری سوریا بە دڵی ئەمریکییەکان نەبووە.
ئەلباوی وتی: سودانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ سەرۆک کۆماری سوریا وتی کە عێراق ناتوانێت لە بەرامبەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سوریا هەڵوێستی بێلایەنی هەبێت. ئەمەش بە دڵنیاییەوە توڕەبوونی لایەنی ئەمریکیی بە دواوە دەبێت.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی کە ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم جموجوڵە خێرا سیاسی، ئابوری و بازرگانییەی عێراق بێدەنگ نابێت و ئامرازەکانی دەستی خۆی لە عێراق بە مەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەتەکەی سودانی چالاک دەکاتەوە، ئەوەی کە ساڵی 2019 بەرامبەر بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا و حکومەتەکەی ڕووخا./.