بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن حاجی حەسەن ئەندامی فراکسیۆنی وەفاداری بۆ خۆڕاگری لە پەرلەمانی لوبنان بە ئاماژە بەوەی کە سەردەمی زاڵبوونی تاکلایانەی ئەمریکا لە جیهان کۆتایی هاتووە، وتی: پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت ئەمریکا بووە لایەنێک کە بڕیاری بۆ جیهان بە گشتی دەدا بەڵام ئەمڕۆ پاشەکشەی کردووە و لە لوبنان، خۆڕاگری داڕشتنی سنورە دەریاییەکانی لە گەڵ فەڵەستینی داگیرکراو بە شێوازێک بە سەر ئەمریکییەکاندا سەپاند کە بە پێچەوانەی خواست و بیرکردنەوەی ئەوان بوو.
ئەو نوێنەری حزبوڵڵا وتی: سزاکانی سەر ئێران، ڕووسیا و کۆریای باکور و ڤەنزوێلا ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتانە خۆڕاگری بکەن و کۆتایی بە تاکجەمسەری ئەمریکا بێنن.
ناوبراو سەبارەت بە دۆسیەی ئاوارەکان و بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ مانەوەی ئاوارەکانی سوریا لە لوبنان وتی: ئەم هەنگاوەی ئەورووپا نەخشە و پیلانێکی ناحەزانە و ئامانجی سیاسیی لە پشتەوەیە، بە تایبەت ئەوەی کە بڕیارەکە سوریا و لوبنان دەکاتە قوربانیی ئەم دۆخە. تەنیا ڕێگای چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەکانی سوریا، نەهێشتنی بەربەست و گەمارۆکانە بۆ گەڕانەوەیان بەرەو سوریا./.