بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بە گرنگترین هۆکارەکانی چەوری ورگ داوە کە بریتین لە:
1 – هۆکاری بۆماوەیی:
ئەگەر ئەندامێکی خێزان یان زیاتر کێشەی کۆبوونەوەی چەوریی هەبێت لە ورگ بە تایبەت دایک و باوک، ئەم جۆرە پێویستی بە کاتی زیاتر و هەوڵی زۆرتر هەیە بۆ نەهێشتنی ورگ لە ڕێگای بەرنامەی خۆراکی گونجاو و وەرزشی نەهێشتنی ورگ و دوورکەوتنەوە لە شێواز و جۆری خواردنی ناتەندرووست کە ئەمە کارێکی سەختە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکە پشتگیری نەکەن و خۆشیان پابەند نەبن بە ڕێنمایی خۆراکیی تەندرووستەوە.
2 – خۆراکی ناتەندرووست:
جگە لە خواردنی بڕی زیاتر لە خواردن کە زۆرتر بێت لە پێداویستییەکانی جەستە، جۆرەکانی خۆراک زۆر ڕۆڵی هەیە و کۆمەڵێک خۆراک دەبنە هۆی زیادبوونی چەوری ورگ وەک شیرینی، ساردەمەنی، چەوری زۆر، خواردنی سوورەوکراو، خواردنەوەی گازی و کحولییەکان و …. .
3 – کەمبوونی جوڵە و سستی:
جەستە پێویستی بە جوڵەی زۆر و وەرزش هەیە بۆ زیاتر سووتانی چەوری، تەمەڵی و کەمی خوڵە دەبێتە هۆی هێواشکردنەوەی ڕێژەی میتابۆلیزمی جەستە.
4 – کەمخەوی و شەونخوونی:
نەخەوتن بە گوێرەی پێویست لە شەودا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری و خاوبوونەوەی میتابۆلیزم.
5 – ڕۆژانە نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو:
ئاو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پرۆسەی میتابۆلیزم و سووتانی چەوری، زۆر خواردنەوەی ئاو ڕێژەی سووتانی چەوری خێراتر دەکات و کەمی ئاو دەبێتە هۆی هێواش سووتانی چەوری، هەروەها کەمی ئاو هەندێک جار هەستی برسیبوون زیاد دەکات.
6 – هەندێک خوی هەڵە:
هەندێک خوی هەڵە لە شێواز و جۆری خواردن وەک خواردنی بڕێکی زۆر لە خۆراکی ناتەندرووست بە بەردەوامی وەک فاست فود، برنجی سپی و ئاردی سپی، ناڕێکی لە کاتی ژەمەکان و نەخواردنی ژەمێکی خۆراک بە تایبەت ژەمی بەیانی لە کاتی خۆیدا بە بەردەوامی، لە بەر ئەوەی کە دەبێتە هۆی هێواشکردنەوەی ڕێژەی میتابۆلیزمی جەستە.
بێگومان هۆکاری دیکەش هەیە وەک سترێس و قەلەقی و دڵەڕاوکێی زۆر و بەردەوام، تێکچوونی هۆرمۆنەکان و غوودەی تەمەڵ و کاریگەری لاوەکی هەندێک دەرمان، هەندێک نەخۆشیی درێژخایەن وەک شەکرە و جگەر و کۆڵۆن./.