بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدر بن حەمەد بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان کە سەردانی تارانی کردبوو، ڕۆژی دووشەممە لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
وەزیری دەرەوەی عۆمان پاش کۆبوونەوەکە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە وتووێژی بنیاتنەری لە گەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەبووە.
بەدر بوسەعیدی وتی: گۆڕانکاری بەرچاو لە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عۆمان هاتووەتەدی و بانگهێشتی پسپۆڕان و شارەزایانی کەرتی گواستنەوە دەکەین کە لە پرۆژەکانی عۆمان بەشداری بکەن.
ناوبراو وتی: پەیوەندی گەلانی هەر دوو وڵاتیش بەرەو پەرەسەندن دەڕوات و ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران و عۆمان دەبێت.
وەزیری دەرەوەی عۆمان وتی: سیاسەتی عۆمان بەردەوام لە سەر باشتربوونی پەیوەندی وڵاتانی دراوسێیە و سەبارەت بە ڕێکارە سیاسییەکانیش بۆ کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە لە گەڵ ئێران لە ڕاوێژی بەردەوامداین.
وتیشی کە تەنیا ڕێگاچارەی دەربازبوون لە ناکۆکییەکان، وتووێژی شەفاف و ڕاشکاوانەیە و بڕوامان بەم شێوازە هەیە و عۆمان هەوڵی زۆریداوە لە پێناو پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە./.