بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژنڕاڵ سەید عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران لە گەڵ فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا جەختیکردەوە کە ناوچەکەی ئێمە بەردەوام کاریگەریی لە هێزە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە و ئەو هێزانە نایانەوێت موسڵمانان یەکڕیزی و یەکگرتووییان هەبێت.
فەریق سەلامی وتی: مێژووی چوار دەیەی ڕابردوو پیشان دەدات کە بەدەر لە شەڕی ئۆکراینا، هەموو شەڕ و قەیرانەکان لە جیهانی ئیسلامدا بووە و ئەمەش پیلانی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەوان بووە.
ناوبراو سەبارەت بە سنورە هاوبەشەکانی ئێران و پاکستان، وتی: بە هەوڵ و ئیرادە و ستراتیژی هاوبەش دەتوانین بە سەر پیلانەکانی دوژمن لە ناوچە سنورییەکانی هەر دوو وڵاتدا زاڵ بین و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە کە بە هاوکاری و هاوبەشی لە گەڵ سوپای پاکستان، سنورەکانی هەر دوو وڵات لە دۆخی ئەمنییەوە بەرەو دۆخی ئابوری بگۆڕێت.
وتیشی کە بە هاوکاری و هەوڵی هاوبەش دەتوانین کۆتایی بە ژیانی تیرۆریستان بێنین و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچە سنورییەکانی هەر دوو وڵات دابین بکەین./.