بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئێحسان خاندوزی کە سەردانی چین ی کردووە، سەبارەت بە وردەکاری سەردانەکە و ڕێکەوتنەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هەر دوو وڵات، وتی: سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە زستانی ساڵی ڕابردوو سەردانێکی گرنگیان بۆ چین هەبوو و ڕێکەوتنی باش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا کرا کە جێبەجێکردنیان پێویستی بە بەدواداچوونی وەزارەتە تایبەتمەندەکان هەیە و ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش لە پاش زیاتر لە 4 ساڵ، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئێران و چین بەڕێوەچوو.
ناوبراو وتی: چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە و زیاترین ئامانجی هەناردەی کاڵای ئێرانی و بەشێکی زۆری هاوردەی ئێمە لە گەڵ چینە و چین بە گشتی لە بازرگانیی ناونەوتی، پشکی لە سەدا 24 ی لە نێو هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێراندا هەیە.
وەزیری ئابوری ئێران وتی: یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتە جیاجیاکان بە تایبەت وەزارەتی ئابوری وەک لایەنی ئێرانیی کۆمیسیۆن، وەزارەتەکانی نەوت، کشتووکاڵ، نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە، دەرەوە، پیشەسازی و بازرگانی، بانکی ناوەندی، ڕێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانی، گومرک و ….. بە بەشداری جیدی لایەنی بەرامبەر بەڕێوەچوو و بڕیار درا کە لە مانگی داهاتووەوە هەر یەک لە پرۆژەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چین بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
خاندوزی وتی: ئێمە لە بواری بازرگانیدا لە نێوان هەر دوو وڵات دەفرایەتییەکی باشمان هەیە و ڕێکەوتنی زۆر باش لە نێوان ژوورە بازرگانییەکان وەک کەرتی تایبەت کراوە، بەشێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکانیش کێشە و گرفتیان هەبووە کە لایەنی چینی بەڵێنی چارەسەرکردنی داوە.
وەزیری ئابوری ئێران وتی: لە بواری وزە، پیشەسازی، کانزاکان و کشتووکاڵ دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ لایەنی چینی هەیە و بە گشتی کەشێکی ئەرێنی باڵی بە سەر پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی هەر دوو وڵاتدا کێشاوە و هیوادارین لە چەند مانگی داهاتوو بتوانین ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چین بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان ببینین./.