بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەهاراتەکان دژی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ شەڕ دەکەن. دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک باشترین جۆرەکانی بەهاراتی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ باسکردووە کە لە درێژەدا هاتووە.
1 – زەردەچەوە:
مادەی Curcumin ی تێدایە کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزە و دژە هەوکردنە، هەروەها زەردەچەوە یارمەتی دابەزینی کۆلیسترۆڵی خەراپ و چەورییە سیانییەکان دەدات و ڕێگا دەگرێت لە مەیینی خوێن، هەر بۆیە یارمەتی خۆپاراستن دەدات لە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە. لە درووستکردنی چێشتەکاندا پێویستە بەکار بێت یان کەوچکێکی بخرێتە ئاوی گەرم و بیخۆرەوە یان وەک تەواوکەری خۆراکی وەریبگرە.
2 – گوڵەمێخەک:
یارمەتی خۆپاراستن دەدات لە بەرزی زەختی خوێن و ڕۆڵی هەیە لە دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خەراپ و چەورییە سیانییەکان و باشتر کارکردنی خەپلەکانی خوێن. یەک کەوچکی چای لێ بخۆرەوە یان چای گوڵەمێخەک بخۆرەوە.
3 – بیبەری تونی هاڕاو:
یارمەتی زیاتر سووتانی چەوری جەستە و دابەزینی کێش و زیاترکردنەوەی بۆرییەکانی خوێن دەدات لە گەڵ ڕێگاگرتن لە بەرزبوونەوەی چەورییەکانی خوێن، لە ناو چێشت یان زەڵاتەدا بەکار بێت یان هەفتەی چەند جارێک یەک کەوچکی چا لە ناو کوپێک ئاوی شلەتین بخۆرەوە.
4 – زەنجەفیڵ:
دژە ئۆکسانێکی زۆر بەهێزە و یارمەتی دابەزینی کۆلیسترۆڵی خەراپ و چالاککردنی سوڕی خوێن و کشانی دیواری مولولەکانی خوێن و زیاتر سووتاندنی چەوری جەستە دەدات. زەنجەفیڵ بە فرێشی یان بە هاڕاوی وەک چای زەنجەفیڵ و لیمۆ بخۆرەوە یان لە ناو زەڵاتە و چێشتدا.
5 – سیری وشککراوی هاڕاو:
سیر زۆر سوودی هەیە بۆ پاراستنی تەندرووستی دڵ، ڕۆژانە دوو دەنک سیر بخۆ یان سیری وشککراوی هاڕاو لە ناو چێشت و زەڵاتەدا بەکار بێنە./.