بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی یەک شەممە لە پاش 12 ساڵ سەردانی سوریای کرد و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبووە و هەر دوو لا بەشدارییان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا کرد.
بەشار ئەسەد: خەباتی حەشدی شەعبی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم بەرز دەنرخێنین
سەرۆک کۆماری سوریا بە ئاماژە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی وڵاتەکەی و عێراق وتی: بەخێرهاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، وڵاتی برادەرمان عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم لە گەڵ سوریا بوو و سەرجەم پاساوی داگیرکارانی لە دژی سوریا ڕەتکردەوە.
بەشار ئەسەد وتی: ئەزموونێکی زۆرمان لە هاوکاریکردنی سوریا لە لایەن گەلی عێراقەوە لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا هەیە. عێراق دەنگی گەل و حکومەتی سوریا لە ناوەندە جیاجیاکاندا بوو. ئەم وڵاتە لە بومەلەرزەکەی ئەمساڵیش دیسانەوە هاوکاری سوریای کرد. کێشەی هەر دوو وڵات ئەوەیە کە بەشێکی زۆری پشکە ئاوی دیجلە دەدزرێت.
ناوبراو وتی: ئێمە خەباتی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم بەرز دەنرخێنین. کێشەی تیرۆریزم یەکێک لەو کێشانەیە کە ڕوبەڕوی ناوچەکە بووەتەوە. من لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز محەممەد شیاع سودانی سەبارەت بە بارودۆخی وڵاتانی عەرەبی و کێشەکانی ناوچەکە وتووێژم کردووە. دۆخی وڵاتانی عەرەبی بەرەو باشتربوون دەڕوات. ئێمە هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکان و چۆنیەتی گەشەپێدانی بیر و ڕامان ئاڵوگۆڕ کرد.
سودانی: داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتدەکەینەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: عێراق و سوریا پێکەوە بەسراونەتەوە و هاوبەشییەکی زۆریان هەیە. بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو کێشانەی ڕوبەڕوی عێراق و سوریا بوونەتەوە، دەبێت هاوئاهەنگی هەبێت. ئاسایش و سەقامگیری هەر دوو وڵات ئەو هۆکارانەن کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و قەیرانەکان یەکگرتوومان دەکات.
محەممەد شیاع سودانی وتی: کلیلی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، دۆخی ئابوری و دارایی باشە. تیرۆریزم لە عێراق پاشەکشەی کردووە و شکستی هێناوە. عێراق بەردەوام بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی هەوڵیدا. هێزە چەکدارەکانی ئێمە بەوپەڕی تواناوە ڕوبەڕوی تیرۆریستان بوونەوە. ئێمە و سوریا ڕوبەڕوی کێشە و گرفتی هاوبەش بووینەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: گەلی عێراق شانازی بە خۆڕاگری گەلی سوریا لە بەرامبەر تیرۆریستان دەکەن، ئەوان لە بەرامبەر قورسترین هێرشە تیرۆریستییەکان ڕاوستان.
سودانی وتی: عێراق و سوریا تووشی کێشەی کەم ئاوی بوونەتەوە و بۆ دەستەبەرکردنی مافی خۆیان دەبێت هاوکاری بکەن.
وتیشی کە حکومەتی عێراق پابەندی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی خۆیە لە کەمپی هۆل. دەرگای عێراقیش بە ڕووی وەبەرهێنەرانی سوریدا کراوەیە. داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتدەکەینەوە و هەڵوێستمان بۆ پاڵپشتی لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین نەگۆڕە.
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی یەک شەممە بە سەردانێک گەیشتە دیمەشق و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە. سەردانەکەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2011 تا ئێستا هیچ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق سەردانی سوریای نەکردبوو./.